پسپۆرێکی کەشناسی پێشبینی دەکات وەرزی زستانی ئەمساڵ جیاواز و ساردتر دەبێت لە زستانێکی ئاسایی و وەرزی سەرما زووتر دەستپێدەکات و درەنگتریش کۆتایی دێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی پێنجشەممە ٧ ی تشرینی یەکەمی ڕایگەیاند، "بەپێی زۆرینەی پێشبینییە سەرەتاییەکان جەخت لەوە دەکرێتەوە کە زستانی ئەمساڵ لە نیوە گۆی باکوری زەوی جیاواز بێت بە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو و کاریگەری بارستە ھەوا جەمسەرییەکان فروانتر ببن کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر رەخساندنی کەشێکی ساردتر لە وەرزی زستاندا و زوو دەستپێکردنی وەرزەکە و درێژبوونەوەی وەرزی سەرما."
ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئەم گۆرانکاریانەش بێگومان لەسەر کەشوھەوای عێراق و ھەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لە نزمبوونەوەی تێکرای پلەکانی گەرما بۆ خوار ئاستی ئاسایی و زستانێکی جیاواز و ساردتر لە ساڵانی پێشومان دەبێت."