" شیعەکان باس لە دوو بژاردە دەکەن لە دوای هەڵبژاردنەوە لەبەردەم عێراقدایە "

هەموو سەرکردەکانی شیعە بانگهێشتی نەجەف دەکرێن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە مەرجەعێکی شەیعە، کە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت، نوێنەری عەلی سیستانی دەبێت و پەیامی ئەوی پێدەبێت، بۆ ئەوەی رای مەرجەعیەتیان پێ بوترێت لەسەر ئایندەی حکومەتی عێراق.

بەپێی هەندێک میدیای عێراقی سەرجەم سەرکردە شیعەکان بانگی ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا سازدەکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا دوو بژاردە دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەکە، یەکێکیان پێکهێنانی حکومەتە کە هەردوو سەرکردەی شیعە موقتەدا سەدر و نوری مالکی رۆڵی گەورەی تێدا دەبینن، ئەویش پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافقییە.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە شکستی خوارد ئەوا حکومەتی کازمی تا شەش مانگی تر دەمێنێتەوە وەک حکومەتی کاربەڕێکەر و لەمانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ لەکاتی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن دوو بارە دەکرێتەوە.

وەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، ئامانج لە کۆبوونەوەکە چارەسەری ئەو ناکۆکیانەی نێوان شیعەیە کە هەڕەشە لە عێراق دەکەن و مەرجەعە گەورەکەی نەجەف دەیەوێت شیعە بە یەکگرتووی بمێنێتەوە. 



PM:10:31:17/10/2021