قەیس خەزعەلی: دەیانەوێت ناوچەی سەوز بۆردومان بکەن

فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە میلیشایەکی سەر بەئێرانە، دەڵێت" دەزگا سیخوڕیەکان پلان دادەنێن بۆ بۆردومانی ناوچەی سەوز و دوایی تۆمەتەکە دەخەنە پاڵ ئێمە".

لە راگەیاندنێکی پێنج خاڵی دا قەیس خەزعەلی فەرماندەی میلشیای شیعەی عەسائیب ئەهلی حەق لەسەر توندوتیژی خۆپیشاندانەکانی بەغدادا دەڵێت"  بە توندی پەنابردنە بەر چەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز مەحکوم دەکەین".

هەروەها لەو راگەیاندنەدا دەشڵێت" دەبێت سزای ئەو کەسانە بدرێت کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردو بەهیچ جۆرێک رازی نابین ئەوەی ئەو کارەی کردووە بشاردرێتەوە".

خەزعەلی داوا لە خۆپیشاندەرانیش دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و دەرفەت نەدەن بەکەس دووریانن بخاتەوە لە داواکارییە رەواکانیان.

ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانی بەغدا لەدژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ٢ کەس کوژران و بەدەیانی تر بریندار بوون، هێزە ئەمنییەکانیش باس لە برینداربوونی ٤٦ کەسیان دەکەن لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.



PM:05:56:05/11/2021