مامۆستایانی وانەبێژ پەیامێک ئاڕاستەى پەرلەمانتارانى کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەن

مامۆستایانى وانەبێژ ڕایدەگەیەنن" پێویستە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد هەوڵی جدی بدەن کە دامەزراندنمان لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگە بکەنەوە". 

دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، ئەمشەو دووشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە" دواکارین لە سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد هەوڵی جدی بدەن بۆ بەرجەستەکردنی مافی وانەبێژانی هەرێم لە چوارچێوەی هەمواری یاسای بودجە کە بڕیارە بەمنزیکانە بێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆ". 

دەشڵێن" لە ئێستادا مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم کە ژمارەیان ٣٧ هەزار و ٧٣٤ مامۆستایە بە ئومێدەوە دەڕوانە هەوڵەکانتان بۆئەوەی ساڵی داهاتوو پڕۆسەی خوێندن دووبارە نەکەوێتە بەر مەترسی بایکۆت و خۆپیشاندان". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

بەناوی خودای مەزن

بابەت / یاداشت و داواکاری

بۆ / پەڕلەمانتارانی کورد لەبەغدا

وەکو دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی کوردستان ، دواکارین لەسەرجەم پەڕلەمانتارانی کورد لەبەغدا هەوڵی جدی بدەن بۆ بەرجەستەکردنی مافی وانەبێژانی هەرێم لەچوارچێوەی ( تعدیل موازنە ) یاسایی بودجە کە بڕیارە بەم نزیکانە بێتە پەڕلەمان بۆ گفتوگۆ .

ئومێدەوارین ڕۆڵ وکاریگەری گەورەتان هەبێت بۆ دابینکردنی ( تخصیص مالی) تەرخانکراوی دارایی پێویست بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێم لەچوارچێوەی یاسای موازەنەی عێراق .

لە ئێستادا مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم کە ژمارەیان ٣٧ هەزار و ٧٣٤ مامۆستایە بەئومێدەوە دەڕوانە هەوڵەکانتان بۆئەوەی ساڵی داهاتوو پڕسەی خوێندن دووبارە نەکەوێتە بەر مەترسی بایکۆت و خۆپیشاندان .

لای بەڕێزتان ئاشکرا حکومەتی هەرێم لەڕێگای وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی نووسراوی فەڕمی کردووە بۆ بەڕێز محمد شیاغ سودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها نووسراوی فەڕمی کراوە لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام لێدوانی بەڕێز سوودانی بێ ئومێدی کردین، هیوادارین ئێوەی نوێنەرانی کورد بێ جیاوازی ڕەنگ و فکری سیاسی ئومێد و گەشبینی بگەڕێنەوە بۆ زیاتر لە ٣٧ هەزار خێزان و گەنجی ئەم نیشتیمانە کە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی مافی دامەزراندن کە بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لەپڕسەی دامەزراندنی فەرمی لەکەرتی پەروەردە بێ بەشکراوین .

مامۆستایانی وانەبێژ ڕۆڵ و پێگەیەکی گەورەیان هەیە لەکەرتی پەروەردە کەزیاتر لە%٢٠ کۆی میلاکی پەروەردە پێکدێنن ، ڕێژەیەکی زۆری وانەبێژان بۆ ماوەی پێنج ساڵ و دەساڵ و پانزە ساڵ خزمەتان هەیە، بەمووچە و شایستەیەکی کەم خزمەتێکی گەورەی ڕۆڵەکانی نیشتیمان دەکەن .

دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی کوردستان .

٦ ی ٥ ی ٢٠٢٤ زاینی


PM:10:34:06/05/2024