لەبارەی سەردانەکەی (ئیسماعیل قائانی) بۆ هەرێم و بەغداد زانیاری نوێ دەخرێتە ڕوو

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایگەیاند" یەکێک لە مەبەستەکانی سەردانەکەی قائانی بۆ عێراق ئەوە بوو بە لایەنە عێراقییەکان بڵێت، دەبێت بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان رازیبن".

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بۆ دەنگی ئەمریکا، باسی لەوەکرد: هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەک لە بەرژەوەندی ئێران نییە بەڵکو لە بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک نییە کە کار بگاتە ئەوەی ئێران و عێراق خەڵک لە یەکدی تیرۆر بکەن، بۆیە سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق لەمکاتەدا سەردانێکی گرنگ بوو بۆ عێراق.


ڕاشیگەیاند" سەردانەکەی قائانی جگە لەوەی بۆ هێمن کردنەوەی دۆخەکە بوو دوای هەوڵی کوشتنی کازمی، هاوکات بۆ ئەوەش بوو پەیام بدات بەوکەسانەی خۆیان بە نزیکی ئێران دەزانن تاوەکو لە جیاتی ئێران شەڕ نەکەن لە عێراقدا یاخود لە جێگەی ئێران بڕیار نەدەن چونکە وەک هەمیشە ئێران وتویەتی ئێمە خۆمان دەزانین لە کوێ و بۆ و بۆچی شەڕ دەکەین".


وتیشتی: بەشێکی دیکە لە ئامانجی سەردانەکەی قائانی بۆ عێراق ئەوەبووە کە پەیامی بە لایەنە عێراقییەکان داوە کە دەبێت بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان رازیبن.

نازم دەباغ،  سەبارەت بە سەردانەکەی قائانی بۆ کوردستان و پەیامی بۆ لایەنە کوردییەکان ڕایگەیاند "من پێم وایە هەمیشە قائانی کە چۆتە عێراق دەرفەتی هەبوبێت سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کردووە ئەمەش وەک واتای ئەوەی کوردیش بە ئەندازەی ئەو لایەنە شیعەی ئێران دەیبنیێت لەبەغداد بۆ ئێران گرنگە، بۆ پارسەنگی سیاسەت لە عێراق،  پەیامی ئێرانیش بۆ کورد ئەوەیە کە کورد نەکەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بەشیعە، کە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا ڕێکبکەون ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بکات".




AM:10:23:11/11/2021