بافڵ تاڵەبانی سێ بەرپرسی پێشووی یەکێتی پێشنیار دەکات بۆ بوون بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، لە بەرنامەیدایە سێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشنیار بکات بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی تا بکرێنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت هەریەک لە عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێشووی یەکێتی و جێگری پێشووتری سەرۆکی حکومەت، خەسرەو گوڵ محەمەد بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای زانیاری و سەرۆکی ئاسایشی گشتی هەرێم و ئەندامی سەرکردایەتی، عەدنانی حەمەی مینە ئەندامی سەرکردایەتی پیشووتری یەکێتی، بکات بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

ئەم سێ بەرپرسەی پێشووی یەکێتی، لە دوا کۆنگرەی یەکێتیشدا وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرانەوەو ئێستا هەرسێکیان ئەندامی سەرکردایەتین، دەستنیشانکردنیشیان بۆ ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئێستای یەکێتی یە کە ژمارەیەکی بەرچاویان بێ ئەزموونن.

لە ئێستادا دوای دەرکردنی لاهور جەنگی، ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە بافڵ تاڵەبانیشەوە ١٦ ئەندامە.

بەپێی پەیڕەوی ناخۆی یەکێتی دەستنیشانکردن هەر ئەندامێکی سەرکردایەتی بۆ مەکتەبی سیاسی دەبێت بەرپرسی یەکێک لە مەکتەبە حیزبیەکانی یەکێتی بێت، هەر بۆیە دەبێت سەرکردایەتی کۆبێتەوە و چارەسەری ئەم کێشە رێکخراوەییە بکات کە لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا هەیە.

لە تەقینەوەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی، تا ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی کۆنەبۆتەوە، بافڵ تاڵەبانی دوای دەرکردنی لاهور جەنگی و ئاڵا تاڵەبانی و شادمان مەلا حەسەن و ژینۆ محەمەد، سڕكردنی ئاراس شێخ جەنگی، لە ئێستادا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ گرێدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی.  




PM:06:37:11/11/2021