تەندروستی سلێمانی: لە چەند هەفتەی داهاتوو دەرمان لە نەخۆشخانەکان نامێنێت

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەسەر کەمبونەوەى دەرمان لە نەخۆشخانەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت" لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەرمان لە نەخۆشخانەکان نامێنێت". 

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەئێستادا دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە شاری سلێمانی نزیكبۆتەوە لە تەواوبوون و نەمان و ئەوەش مەترسییەكی گەورە لەسەر هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دروست دەكات". 

ئەوەشی خستەڕوو: هۆكارەكەی ئەوەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی دەرمان بدرێت كە نزیكەی (١٠) مانگە دەرمان بۆ ئێمە دەهێنن، بەڵام وەك پێویست شایستە داراییەكانیان بۆ دابین بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد" ئەو كۆمپانیایانە بڕیاریانداوە چیتر دەرمان نەهێنن و ئەو دەرمانانەشی هەیانە بیگێڕنەوە، ئەوەش لە چەند هەفتەی داهاتوودا كێشەیەكی گەورە لە شاری سلێمانی دروست دەكات". 

سەباح هەورامی لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا داواشی لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران کرد، کە بە جدی هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بدەن.


PM:01:36:12/11/2021