ژمارەی کۆچبەرانی بێلاڕوسیا ئاشکرا کرا

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، (٥٧١) کۆچبەری عێراقى  گەیشتوونەتە سنورەکانی بێلارووسیا.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنىدا بۆ کەناڵی ئەلئیخبارییەی عێراق، باسی لەوەکرد،   وەزارەتی دەرەوەی عیراق (٥٧١) کۆچبەری عێراقی لە سنورەکانی بێلارووس تۆمارکردووە کە بەسەر هەشت کەمپدا دابەشبوون.

ئەوەشی ڕاگەیاند "بەهۆی ئەوەی سنوری بێلارووس ٦٨٠ کیلۆمەتر درێژە ئاسان نییە بە شێوەیەکی دڵنیای بزانین ژمارەی راستەقینەی کۆچبەرە عێراقییەکان چەندە کە گەیشتوونەتە سنوری ئەو وڵاتە".

ئەحمەد سەحاف، باسی لەوەشکرد، کۆچبەرە عێراقییەکان لە رێگەی تورکیا و ئیمارات و قەتەر و میسرەوە رۆیشتوون هەروەها  وتیشی "تورکیا دەستی کردووە بەڕێگریکردن لە گەشتکردنی کۆچبەرانی عێراق بەرەو بێلارووسیا".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف، دەڵێت "لە رێکەوتی ١٨ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی گێڕانەوەی کۆچبەرانی وڵات لە بێلارووسەوە بەرەو وڵات دەستپێدەکات، ئێمە لەگەڵ گێڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەرانین بۆ وڵات و هۆشداریش دەدەین لە فریودانی هاوڵاتییان لەلایەن ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن".

ماوەی دووهەفتەیە ژمارەیەک کۆچبەری عێراقی  لەنێوان سنورەکانی بێلاڕوسیا  و پۆڵەندا گیریانخواردووە و رێگریان لێدەکرێت بچنە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

 



PM:02:01:15/11/2021