سامان بەرزنجی: لە ئەمساڵدا (٦٩) حاڵەتی نەخۆشی ئایدز لە هەرێم تۆمار کراون

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لەمساڵدا زیاتر لە (٣١٨) هەزار پشكنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێمی كوردستان كراوە، (٦٩) حاڵەتی پۆزەتیڤ كە هەڵگری نەخۆشییەكەن دەستنیشان كراوە". 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی ئایدز ڕایگەیاند" ئەم ڕۆژە پەیامێكە كە بەبیر حكومەتەكانی جیهان بێنێتەوە كێشەیەك هەیە ئەویش نەخۆشی كەمكردنەوەی بەرگری لەشە كە ناسراوە بە ئایدز، ئەمەش لەكاتیكدایە تیمە تەندرووستیەكان ڕۆژانە پشكنین ئەنجام دەدەن بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكان".

ئەوەشی خستەڕوو، كەسانی بیانی كە دەمێننەوە و داوای ئیقامە دەكەن یەكێك لەمەرجەكان پشكنینی خوێنە بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی ئایدز، هەروەها لەپشكنینی پێش هاوسەرگیری وئەوانەی خوێن دەبەخشن ئەو پشكنینە دەكرێت.

وەزیری تەندروستی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەساڵی (٢٠٢١) زیاتر لە (٣١٨) هەزار پشكنین بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی (HIV) ئایدز كراوە، (٦٩) حاڵەتی پۆزەتیڤ كە هەڵگری نەخۆشییەكەن دەست نیشان كراوە كە (٥٨) حاڵەتیان كەسانی بیانی بوون و تەنها (١١) حاڵەت خەڵكی عیراق و هەرێمن، كۆی گشتیش (٤٨) حاڵەت لە عیراق تۆماركراوە كە فایلی تایبەتیان هەیە و چارەسەر وەردەگرن.

یه‌كی دیسێمبه‌ری هه‌موو ساڵێك وه‌ك ڕۆژی جیهانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی ئایدز دانراوه‌ و مه‌به‌ست لێی هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ دانیشتوانی سه‌ر زه‌ویه‌ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر خۆیان بپارێزن و ئاگاداربن، لە هەرێمی کوردستانیش چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێت. 


PM:12:05:01/12/2021