حکومەت ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بۆ دەرچوانی دانەمەزراو رادەگەیەنێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنج هه‌زار هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی كۆلێژ و په‌یمانگه‌ كشتوكاڵی و ڤێتێرنه‌رییه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت.

 

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، باسی لەوەکرد،  دەتوانین لە رێگەی پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، لە سێکتەری کشتوکاڵی دەرفەتی کار بۆ ٥ هەزار لە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگه‌کانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین.

 

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە،  بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و  بە ئامادەبوونی سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و لیژنەی یاسایی و کشتوکاڵیی لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی کراوەدا، گفتوگۆیەکی چڕ ئەنجامدرا، بە مەبەستی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان.

دوای کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوەداوە دەتوانن ٥ هەزار هەلی کار بڕەخسێنن.

 

 هەر لە گفتو گۆکەدا، باسی ئەوەشکراوە، ئەم هەنگاوە گرنگە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێزی پێشخستنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و زەمینەسازی بۆ سوود وەرگرتن، لە توانای دەرچووانمان و دابینکردنی دەرفەتی کار و زەمانەتی بیمەی خانەنشینی بەپێی ئەو ناوەڕۆکەی کە لە بڕگە و ماددەکانی پڕۆژە یاساکەدا هاتووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پڕۆژە یاسایە بە یەکێک لە پڕۆژە هەره‌ گرنگ و ستراتیژیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دادەنرێت، کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی پەرۆشیەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ کاری تێدا کراوە، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان.



PM:01:59:09/12/2021