پەروەردەی هەرێم له‌باره‌ی بابه‌تێكی ئەدەبی کوردی پۆلی (١٠) ئامادەیی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم له‌باره‌ی بابەتێکی ناو کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (١٠)ـی ئامادەی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە قۆناغی پێداچونەوەداین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن و بۆ ساڵی داهاتووش لە چاپی نوێی کتێبەکە بوونی نابێت". 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بابەتێکی ناو کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (١٠)ـی ئامادەیی بووە جێگەی ڕەخنە، وەک دوێنێش لە ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکانی وەزارەتدا هاتووە کە ئەم بابەتە نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ (١٤) ساڵ لەمەوبەر کە لەناو ئەو کتێبەدا هاتووە لەم هەموو ساڵەش کەس ئاماژەی پێنەداوە".
 
ڕاشیگەیاند" ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئەم پێداچوونەوانەش بە شێوەیەکی زانستی و پلە بەندی دەکرێت، وەزارەت زیاتر لە (١٣٠٠) ناونیشانی کتێبی خوێندنی هەیە کە کاتی پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بابەتەکان ".
 
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە ڕێز لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکان دەگرین و کاری جدی بۆدەکەین، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار ئەو بابەتانە بەمەبەستی سیاسی و بە ئامانجگرتن لە کاتێکی دیاریکراودا دەوروژێندرێن. 
 
پەروەردەی هەرێم لە بڵاوکراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، وەک چۆن روونکرایەوە کە لێژنە لە ئامادەسازین بۆ پێداچوونەوە بە کتێبی کوردی پۆلی (١٠)ـی ئامادەیی بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو بە گۆرانکارییەوە بخوێندرێت، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش لەسەر فەرمانی بەرێز وەزیری پەروەردە ئەو دەستەواژەیە لە بەرنامەی خوێندن لادەبرێت و لە پۆلی (١٠)ـی ئامادەیی ناخوێندرێت و بۆ ساڵی داهاتووش لە چاپی نوێی کتێبەکە بوونی نابێت و فەرمانی وەزاریش بەم بابەتە دەردەچوێنرێت. 


PM:12:50:12/12/2021