دۆزینەوەی تەرمی منداڵ و شوانەكەی هەولێر دەچێتە قۆناغێكی نوێوە


بەمەبەستی دۆزینەوەی تەرمی منداڵە 10 مانگەكە و شوانەكەی شاری هەولێر كە لەرۆژی لافاوەكەدا بێسەروشوێن بوون، پۆلیسی بەرگری شارستانی دەست بەقۆناغێكی نوێ دەكات ئەویش كۆكردنەوەی زانیاری و ئاگاداركردنەوەی موختاری گوندەكانە.  

رائید سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە (سپی)ی راگەیاند، دوای دروستبوونی لافاوەكە سەرجەم تیمەكانیان بە سەرجەم ئامێرەكانەوە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵ و شوانەكە، ئێستاش لەقۆناغێكی دیكەدان قۆناغی كۆكردنەوە و وەرگرتنی زانیارییە بەتایبەتی لەئاگاداركردنەوەی موختاری ئەو گوندانەی دەكەونە سەر رێڕەوی كەندەكان، هەم ئاسایش و بنكەكانی پۆلیسیش لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەیان.

سەبارەت بەوەی ئاستەنگەكانی بەردەم دۆزینەوەی تەرمەكانیان چییە، سەركەوت كاڕەش روونیكردەوە "مەسەلەكە ئاستەنگ نییە، بەڵكو هەموو كارەساتێكی سروشتی كە روودەدات پاشماوەكەی زۆر قورسترە بەراورد بە كاتی روودانی، پاشماوەی لافاویش كە ئاوەكەی زۆر تیژڕەو و خێرایە، ئاوەكە قوڕ و لیتەی زۆر لەگەڵ خۆی دەهێنێت ئەوەش وا دەكات درەنگ ئەو تەرمانە بدۆزرێنەوە".

دوو هەفتە لەمەوبەر بەهۆی دروستبوونی لافاو لەناحیەكانی قوشتەپە و دارەتووی نزیك شاری هەولێر، منداڵێكی 10 مانگ بەناوی دانەر نەبەز و شوانێك بەهۆی لافاوەكەوە بێسەروشوێن بوون.


PM:04:24:03/01/2022