موسەننا ئەمین خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاندید دەكات

موسەننا ئەمین پەرلەمانتار لە كوتلەی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان، خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كاندید دەكات.

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق کەمێک پێش ئێستا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند" ئەمڕۆ من بەناوی یەكگرتووی ئیسلامی و فراكسیۆنەكەمانەوە رایدەگەیەنم، بەندە خۆم كاندید دەكەم بۆ جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق". 

ئەوەشی خستەڕوو، پشت بەستوو بە بنەما دەستوری و دیموكراسیەكان، كە پێویستە لە ناو تەواوی لیژنەكان و لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش كەسانی ئۆپۆزسیۆن بونیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پڕۆژەمان هەمان پڕۆژەی بەرگریكردنە لە مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان و پڕۆژەی ئێمە كاراكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەوەی پەرلەمان بە رۆڵی خۆی هەڵسێت لە چاودێریكردنی حكومەت و رێگەگرتن لە سەرپێچیكردنی یاسا و سنورداركردنی گەندەڵییەكان و رێگەگرتنە لە زەوتكردنی ماف و كەرامەت و شوناسی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان. 


PM:02:51:08/01/2022