پارتی كاندیدی جێگری سه‌رۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دیاریكرد

‌شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی پارتی بۆ جێگری سه‌رۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی
کەمێک پێش ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان شاخەوان عەبدوڵای بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق كاندید كرد.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەدرێت، تا ئێستا محەممەد حەلبوسی وەک بەربژێری سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریکراوە، هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستانیش (شاخەوان عەبدوڵڵا)ی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاریکردووە. 
 
شاخەوان عەبدوڵا لە ساڵی (١٩٧٩) لە شاری کەرکووک لەدایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری یاسا، ناوبراو لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق ئەندامی پەرلەمان بووە، لە هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووش لە بازنەی یەکی پارێزگای کەرکووک توانی (٣١) هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت.

بڕیار بوو کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات و پەرلەمانتارە نوێیەکان سوێندی یاسایی بخۆن،  بەڵام تا ئێستا بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان نەگەیشتوونەتە نێو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواخرا. 


AM:11:04:09/01/2022