شاخەوان عەبدوڵا بۆ یەکێتی "ڕەنگە لە پۆستی تردا جێتان بکەینەوە"

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "دەستنیشانکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەفەسێک بوو بۆ یەکێتی، ڕەنگە لە پۆستی تردا جێتان بکەینەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی کانوونی دووەم، شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق،  بۆ دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە  ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکان درێژەی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یاخود نا، باسی لەوەکرد، ئێمە ٨ ی مانگمان بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریکردووە، هیوادارین لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، چونکە دوای پەسەندکردنی دادگای ئیتیحادی دەچینە نێو تەوقیتاتی دەستوریەوە، وەک چۆن لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا، نەمانهێشت تەوقیتی دەستوری بشکێت، دیسان پابەندین لەماوەی مانگێکدا سەرۆک کۆماریش هەڵبژێرین.

ناوبراو داواشی لە حیزبەکان کرد، ڕێککەوتن ئەنجام بدەن، تا لە تەوقیتی دەستوری دا کەسێک کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، جەختیکردەوە دواتر دەبێت ڕێکارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت بگرنەبەر کە یەکێکە لە ئەرکە قورسەکان.

وتیشی " پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی تێکداوە و بەتەنها چووەتە ڕێککەوتنەوە لەگەڵ سەدر و عەرەبی سونە، لەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا باسی ئەوەشیکرد حیزب خاوەن بڕیاری خۆیەتی، پارتی هەمووو هەنگاوەکان چووەتە پێشەوە، تەنانەت دەستنیشانکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەفەسێک بوو بۆ یەکێتی، ڕەنگە لە پۆستی تردا جێتان بکەینەوە، مادام پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەڵبژارد، واتە تموحی لە شتی تر نیە."

ناوبراو نیگەرانی خۆشی نیشاندا لە ڕۆیشتنە دەرەوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی لەکاتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دا، وتی"هەندێک حیزب هەیە ڕەنگە ئەو ئیرادەیەی پارتی یان ڕەوتی سەدر هەیەتی ئەو نەیبێت، من لە مەوقعێکدام نامەوێت تۆمەتباری هیچ لایەک بکەم، بەڵام وەکو پارتی سەربەست ترین لە بڕیاردان."

دەربارەی تۆمەتبارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەوەی بووەتە بەشێک لە کێشەی نێو ماڵی شیعە و هاوکێشەکەی بەلای بەرژەوەندی سەدریەکاندا یەکلایی کردووەتەوە، شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی "وەکو پارتی ڕۆڵمان هەبووە تا لایەنەکان بگەنە یەک، بەڵام کە دانیشتن ئەنجامدرا، بەپێی مادەی ٤ ناتوانرێت دانیشتن دوابخرێت، ناکرێت خەڵکانێک ڕێگربن لە دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت لەبەر ئەوەی ئەنجامەکانیان بەدڵ نەبووە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و ناتوانین دەستور پێشێل بکەین، لەو ڕوانگەشەوە سورین لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەزووترین کات، تا دەست بەخزمەت بکات."

شاخەوان عەبدوڵا بۆ دەنگی ئەمریکا ئەوەشی ڕوونکردەوە کاندیدکردنی ئەو وەکو کەرکوکیەک لەلایەن پارتیەوە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، واتای بایەخدانی حیزبەکەیەتی بەکەرکوک، وەڵامیش بوو بۆ ئەوانەی دەیانگوت پارتی تەنها بۆ هەڵبژاردن کەرکوکی دەوێت، وتی"پارتی یەکەم پۆستی سیادی دابە کەرکوکیەک، چونکە پۆستەکە جیا لەوەی سیادیە، ڕۆڵیشی دەبێت لەدەرچوواندنی یاساکان و کەرکوک پێویستی پێیەتی، بەتایبەت کێشمەی موڵکداری و مادەی ١٤٠ و ئیداری لە کەرکوک زۆرە، ئەم پۆستە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت."

لە کۆتایشدا شاخەوان عەبدوڵا وتی "لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیشدا، جەنابی سەرۆک جەختیکردەوە، دەبێت هەوڵبدەین و هاوکاری باشبین بۆ جێبەجێکردنی دەستور و هیچ بۆشاییەک جێنەهێڵین."

 



PM:09:40:11/01/2022