جوتیار عادل هۆکاری سستی دابەشکردنی مووچەی ئاشکراکرد

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە پەسەندکراو، هۆکاری سەرەکی خاوی لە پڕۆسەی دابەشکرنی مووچەدا بۆ درەنگ ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە دەگەرێتەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی کانوونی دووەم، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان پەسەندکراوە و هیوادارین ئەو بڕەپارەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێم".

 

وتیشی " هۆکاری سەرەکی خاوی لە پڕۆسەی دابەشکرنی مووچەدا درەنگ ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیە راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، هەروەها شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا گەیشتووەتە ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، دەبێت فەرمانبەران پابەندی وەرگرتنی ڤاکسین بن و هاوڵاتییانیش رێککارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر، چونکە ئەوە تاکە رێگایە بۆ رووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا".

 

وتەبێژی حکومەت دەڵێت " خەڵکانێک هانی هاوڵاتیانیانداوە پێوەرە زیرەکەکانی ئاو و کارەبا لێبکەنەوە، ئەمە کارێکی نایاساییە و بە وردی چاودێری دەکەین و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا ئەنجامدەدین و سزای یاسایی دەدرێن".


 



PM:05:27:12/01/2022