كاركردنی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان قەدەغە كرا


بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر كاركردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە قەدەغە دەكات.
 
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی جێبەجێكاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەمڕۆ راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "ماوەیەكی زۆرە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەكانیەوە كار بۆ وروژاندنی ناكۆكییەكان دەكات، لەگەڵ شێواندنی دیمەنی دەزگاكان كە لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا كار دەكەن، ئەوەش زیان بە شیرازەی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا دەگەیەنێت".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە "لەو روانگەوە و بەپێی یاسای راگەیاندن و لیستی جێبەجێكاری یاساكە، لە ماوەی رابردوودا دووجار هۆشداری درایە تۆڕی میدیایی رووداو، لە رێككەوتەكانی (5.10.2021) و (22.10.2021)، سەرباری ئەوە تۆڕەكە بەردەوام بوو لە سیاسەتەكانی كە ئاماژەمان بۆ كردن".

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وتویەتی "بۆیە بڕیارماندا كاركردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا رابگرین، هەموو مۆڵەتەكانی كاركردن و مۆڵەتەكانی ئەركی رۆژنامەگەری كە دراون بە تۆڕەكە و كارمەندانی تۆڕەكە لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا لێیان دەسەندرێنەوە، ئەم بڕیارە لە رێككەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت".



PM:10:57:05/02/2022