"ئەگەر چارەسەری پۆستی سەرۆک کۆمار نەکرێت، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە"

پسپۆڕێکی یاسای دەستوری ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر هیچ ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەدۆزرێتەوە، ئەوا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سەرۆک وەزیریش هەڵنابژێردرێت و پرۆسەی سیاسی پەکی دەکەوێت".

د. خامۆش عومەر عەبدوڵا پسپۆڕی یاسای دەستوری بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" ئەو بڕیارەی کە دەرچوو بڕیارێکە تایبەت بە فەرمانی وەلائی لە یاسای مورافەعاتی شارستانی ئاماژەی پێداوە لە ماددە ١٥١ هەتا ١٥٣ بە درێژی باسی ئەو بابەتە دەکات ئەوە تەنها پەیوەندی بەو بابەتانەوە هەیە کە پێیان دەوترێت سیفەتی ئیستعجالی هەیە، واتە دەبێت بابەتەکە یەکلایی بکرێتەوە ئینجا بچنە سەر کەیسە گشتیەکەی کە لەبەردەم دادگادایە، ئەمە یەکەمجار نییە دادگای فیدراڵی باڵا بڕیاری لەو شێوەیە دەردەکات، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو فەرمانی وەلائی دەرکرد تایبەت بە دانیشتەکەی پەرلەمان".

ڕوونیشیکردەوە، فەرمانی وەلائی ئەمە تەنها بابەتێکە پەیوەستە بە سیفەتی ئیستعجال پەیوەندی بەوەوە هەیە دەبێت ئەو کەیسەی لە بەردەم دادگادایە یەکلایی بکرێتەوە ئینجا بابەتی پەیوەندیدار بە کەیسەکە بێتەوە بەردەم دادگا، واتە ئەوەی ئێستا پەیوەندی بە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە یەکێکە لەو بابەتانەی ئێستا مشتومڕی لەسەرە مەسەلەی یەکێک لە مەرجەکانی تایبەت بە کاندیدبوونی تێدا نییە بۆیە دەبێت ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە ئینجا بچنەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار، ئەمە بە شێوەیەکی کاتییە بە شێوەیەک نییە بە تەواوەتی دوورخرابێتەوە تا ئەوکاتەی بڕیاری یەکلایی کەرەوە لەلایەن دادگاوە دەردەچێت واتە خودی بڕیارەکەش ئاماژەی بەوە داوە وەکو چۆن پێشتریش بڕیارێکی لەو شێوەیەی دەرکردبوو تایبەت بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بەڵام ئەمە ڕەنگە لێکەوتەی خۆی هەبێت لە ڕووی یاساییەوە کە خۆی لەوە دەبینێتەوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئەو ماوە کاتیـیانە هەبێت کە لە ناو خودی دەستور دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەگەرچی لە ڕابردوودا تایبەت بە دانیشتی پەرلەمان ناوەندی ڕاگەیاندنی دادگای فیدڕاڵی باڵا بڵاوکراوەیەکی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەدا بوو فەرمانی وەلائی کاریگەری نابێت لەسەر ڕێوشوێنەکانی دیاریکردنی پۆستەکان بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕوونکردنەوەیە تاڕادەیەکی زۆر ڕەنگە لە ڕووی یاساییەوە مشتومڕی زۆر هەڵبگرێت و ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆکاری ئەوەی کاریگەری هەبێت لەسەر ماوە کاتیەکان کە لەخودی دەستور دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی دیاریکردنی کاندیدەکان و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی کۆمار و ئەو شایستە دەستوریانەی کە لەدوای ئەوە دێت. 


ئاماژەی بەوەشدا، یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە ١-٩ ئەنجامدارا بوو، بۆیە ٢-٩ دەبێتە مانگێک بۆیە ٧ی مانگ دیاریکرا بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەبچێت و پێش ٩ی مانگ نەچینە ناو مشتومڕێکی دەستورییەوە یاخود جۆرێک لە بۆشایی وەکو ئەوەی باسی لێوە دەکرێت ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ دەستوری عێراقی ماددەی ٧٢ لە بڕگەی ٢ بڕگە ئەلف لە مەسەلەی ویلایەتی سەرۆکی کۆمار دەکات کە دەڵێت ویلایەتی سەرۆکی کۆمار لەگەڵ کۆتایی هاتنی خولی ئەنجومەنی نوێنەران کۆتایی دێت، وە خولی ئەنجومەنی نوێنەرانیش کۆتایی پێهاتووە بەڵام هەر لەو ماددەیە ئاماژە بەوە دەکات کە لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت هەتا هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران. 

لەبارەی ئەوەی کە دۆخی عێراق لە ڕووی یاساییەوە چی لێدێت، ئایا عێراق دەکەوێتە بۆشایی دەستورییەوە دوای ٩ی مانگ؟ د. خامۆش وتی" نەک بۆشایی دەستوری بەڵکو دەکەوێتە جۆرێک لە پێشێلکاری دەقە دەستورییەکان. وەکو وتم ئەو دەقە دەستوریانە لە عێراق ماوە زەمەنی- کاتیەکانی دیاریکردووە ئێستا ئەو سەقفە کاتیـیانەی کە دیاریکراون لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە دەبەزێنرێت واتە دەسەڵاتی سیاسی پێوەی پابەند نابێت ئەمەش ڕەنگە جۆرێک لەوە دەبێت کە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بکەوێتە جۆرێک لە لە کارکەوتنەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان کە نەتوانرێت ئەو بەستەڵەکە بشکێنرێت کە ئێستا دۆخی سیاسی عێراقی تێی کەوتووە ئەگەر بەو ئاڕاستەیەش بڕوات بە دڵنیاییەوە ئەگەر لایەنەکان جۆرێک لە سازش بۆ یەکتری نەکەن ئەوە ڕەنگە لە سیستەمێکی دیموکراتی بووینایە دەمانتوانی بڵێن دووبارە چوینە ناو جۆرێک لە هەڵبژاردنەوە بۆئەوەی بگەینە دۆخێک کە عێراق بەرەو کەنارێکی ئارام ببات". 


AM:09:50:07/02/2022