بارەگای بارزانی: سوورین لەسەر هێشتنەوەی هۆشیار زێباری وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار

بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت" بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هۆشیار زێبارییە و هەر ئەویش دەبێت". 

عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی (رووداو)ی ڕاگەیاند" ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنی سەدری و هاوپەیمانی سەروەری هاوپەیمانییەکمان پێکهێناوە، بەشدارینەکردنی ئێمەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە هەیە، یەکێک لەوانەش دەرکردنی فەرمانێکە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە لەسەر بەربژێری ئێمە".
 
بە وتەی عەرەفات کەرەم، دەرکردنی ئەو فەرمانەی دادگەی فیدراڵی لەسەر هۆشیار زێباری جێگەی مەترسی نییە، هەندێک لایەن وا بیر دەکەنەوە کە ئیدی هۆشیار زێباری کۆتایی هاتووە، بەڵام با دڵی خۆیان خۆشنەکەن، چونکە ئەو فەرمانە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە. 
 
لەسەر ئەو سکاڵایەی لەسەر هۆشیار زێباری لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی دەڵێت" ئەو بابەتە چەندین ساڵە کۆتاییهاتووە، هەڵدانەوەی ئەو دۆسیانە لەم کاتەدا پرسێکی سیاسییە کە بەڕێز بەرهەم ساڵح هەوڵدەدات دانیشتنی پەرلەمان نەکرێت و کۆسپ دەخاتە بەردەم ئەوەی دانیشتنەکە بکرێت، چونکە دەزانێت ئەگەر دانیشتنی پەرلەمان بکرێت هۆشیار زێباری دەردەچێت".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر شتێک لەسەر هۆشیار زێباری هەبووایە، لە دەستپاکی، خوێندنی باڵا و بابەتە پەیوەندیدارەکان، ئەوکات لایەنەکان کە هاوپەیمانیمان لەگەڵیان پێکهێناوە قبووڵیان نەدەکرد. 
 
بە بۆچوونی عەرەفات کەرەم، ئەو هەوڵانەی دژی بەربژێرەکەی سەرۆک کۆمار دەدرێن" هەوڵی سیاسین و مەبەستی سەرەکییان ئەوەیە دانیشتنی پەرلەمان نەکرێت بۆئەوەی بەرهەم ساڵح بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتی کۆمار، جێگەی داخە کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی کۆماری کردووەتە ئامرازێک بۆ هەڵبژاردن و بەرژەوەندی کەسی خۆی، بۆ ئەو هەڵمەتەش ئەو دەسەڵاتەی خۆی لەسەر دادگە و زۆر دەزگای دیکە بەکارهێناوە، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە".
 
بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی جەختیشیکردەوە، بەربژێری "سەرۆک بارزانی" هۆشیار زێبارییە و هەر ئەویش دەبێت هۆشیار زێبارییش تەنیا بەربژێری پارتی نییە، بەڵکو بەربژێری سەدرییەکان و هاوپەیمانیی سەروەرییە، هەموویان رازین لەسەری و هیچ کێشەیەکی نییە. ئێمە رژدین لەسەر بەربژێربوونی و هیچ بڕیارێک نییە پەشیمان ببینەوە. 


PM:02:25:07/02/2022