قەبارەی وەبەرهێنان گەیشتۆتە زیاتر لە 68 ملیار دۆلار


بەرپرسێكی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ كار لەسەر جێبەجێكردنی زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان دەكرێت و قەبارەی وەبەرھێنان گەیشتۆتە سەرووی ٦٨ ملیار دۆلار.

  • موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و كارگێڕیی دەستەی وەبەرھێنان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، پلانی ئەمساڵ بۆ وەبەرھێنان ڕاگەیەندراوە كە پێكھاتووە لە ھەزار و ٣٠٠ پڕۆژە و دوای دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرھێنان، ئێستا وەبەرھێنەران داواكاری بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەی ڕاگەیەندراون پێشكەش بە وەبەرھێنانی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن و ڕاستەوخۆ لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگاكانەوە مۆڵەت بە پڕۆژەكانی وەبەرھێنەران دەدرێت بۆ جێبەجێكردنیان.''

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، قەبارەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٨ ملیار دۆلار لە ھەرێمی كوردستان و ڕۆژانەش لە ھەڵكشاندایە، چونكە چەندی مۆڵەت بە پڕۆژەكانی وەبەرھێنان بدرێت قەبارەكەی بەرز دەبێتەوە.''

لەبارەی ئەو پڕۆژانەی پێشتر ڕاگیرابوون، موخلیس سەلیم ئاماژەی بەوەكردووە، پێشتر بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە دووبارە كاریان تێدا دەستی پێ كردۆتەوە، بەشێكی دیكەیان مابوون و تەواو نەكراون، بەڵام دوای پێداچوونەوەیان لەلایەن دەستەی گشتیی وەبەرھێنان بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەوانیش تەواو بكرێن.''




PM:07:12:08/02/2022