ڤیدیۆ.. ناسری رەزازی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی توندیش لە مامۆستایانی ئاینی دەگرێت

هونەرمەندی دیاری ڕۆژهەڵات و کوردستانی گەورە، ناسری رەزازی لەسەر ئەوەی وتی موسڵمان نیم و یارسانیم لەلایەن مەلایەکی ئاینی رۆژهەلآتەوە هێرشێکی توندیکرایە سەر، رەزازی لە ڤیدیۆیەکەدا وەلآمی ئەو مەلایە دەداتەوەو قسە لەسەر هەڵوێستی مامۆستایانی ئاینی دەکات لە پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانداو دەڵێت " من کە وەک مرۆڤ ھاتومەتە سەر زەوی، وە تا بمێنم رێز بۆ ھەر مەزھەبێک دادەنێم" هەروەها دەشلێت" ئیوە واتان لە ئاینی ئیسلام کرد کورد بکاتە کۆیلە". 

ناسری رەزازی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" من کە ھەر ھەموو تەمەنم لە پێناو خەڵکی کورد بە ھەموو بە شەکان و ھەر ھەموو زمانێک و مە زھەبەوە تەرخانکرد، من کە وەک ئینسان ھاتومەتە سەر زەوی وە تا بمێنم رێز بۆ ھەر مەزھەبێک دادەنێم، ئەمرۆ لە دنیای مەجازی دا ئەیبینن کە ئەم دوو مەلایە منیان بە چی تاوان بار کردووە و چی بە من ئەلێن قەزاوەت ئەدەمە دەست خۆتان". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئایا مەسیحی یان ئاشووری یان یارسان یا ھەر مەزھەبێک بە غەیری موسلمان کافرن؟ ئایا نابێ ھاتووچۆی مالیان بکرێ؟؟ ئایا تالاروو ھەڵپەرکی و سەر رووت کردن من فتوام داوە؟ ئەی بۆ جارێک باس لە کرێ خانوو ناکەن نیوەی گەنجەکانمان بەدەست خەرجی هاوسەری و گران بوونی کرێ چێتیەوە دەنالن؟ ئەی بۆ جارێک باس لە سوود خۆرەکان ناکەن؟.

جەختیشکردەوە، " من تا بمێنم دووژمنی ھیچ ئاین و مەزھەبێک نیم و کەسیش بۆ کەسێکی تر فرێ نادەم ھەموو گەلان براو خوشکی منن". 

ناسر ڕەزازی یەکێک لە گورانیبێژەکانی کوردە کە توانیویەتی بە ھەموو زاراوەکانی کوردی گۆرانی بڵێت، لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٥٥ لە شاری سنە لەدایکبوو و ھەر لەوێدا دەستی بە گۆرانی وتن کرد. لە تەمەنی گەنجیدا دا چەند کاسێتی تۆمار کرد و تاکوو لە ئێران شۆڕش کرا و ناسر بوو بە ئەندامی کۆمەڵە و دوای ماوەیەک چوو بۆ ئەورووپا و لەوێ لەسەر ئیشی ھونەریی بەردەوام بوو، لە دوای ڕووخانی رژێمی سەدامدا گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەیەکێک لە هەرە هونەرمەندە دیارە شۆرشگێرەکان دادەنرێت کە چەندان سروسی بۆ نەتەوەو نیشتمان و شەهیدان چڕیووە.

مەرزیە فەریقی گۆرانیبێژی کورد، ھاوسەری ناسر ڕەزازی بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە نەشتەرگەرییەکدا گیانی لەدەست داو تەرمەکەی لە سویدەوە هێنرایەوە کوردستان و لە مەراسیمێکی شایستەدا باشوری کوردستان بە خاک سپێدرا، لە دوای کۆچی دوایی مەرزییەوە بە ماوەیەک ئەوهونەرمەندە ژنێکی تری ھێناوە بە نێوی ئێران کە دانیشتوی مەریوان بووەو ئێستا پێکەوە دەژین.

ناسر دوو کوڕ و کچێکی ھەیە بە ناوەکانی: کاردۆ، ماردین و دڵنیا. دڵنیا ڕەزازیش ئێستا گۆرانیبێژە. 

ئەو هونەرمەندە ساڵانێکە لە باشوری کوردستان دەژی و رێزو حومەرممەتێکی زۆری لێدەگیرێت.



AM:11:25:09/02/2022