حەملان: داهاتی سلێمانی ناگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی رایدەگەیەنێت، داهاتی ئیدارەی سلێمانی ناگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم كە ئەمەش دەرخەری دوو ئیدارەییە.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی بە كەناڵی كوردستان 24ی راگەیاندووە، لە ئیدارەی  سلێمانی داهات كۆناكرێتەوە و ناگەڕێندرێتەوە گەنجینەكانی حكومەت بۆ ئەوەی دابەش بكرێت بەسەر مووچەخۆراندا.

ناوبراو روونیكردەوە "ئەوەی لە دەڤەری سلێمانی دەكرێت، دەستبردنە بۆ قووت و مووچەی خەڵك و تەنانەت كاتێك وەزیری ناوخۆ بڕیارێكی دەركردووە بۆ خەرجكردنی بڕێك پارە بۆ فەرمانگەیەكی وەزارەتەكەی لە سلێمانی، كەچی لە بانك وتوویانە پارە نییە، ئەمەش دەرخەری راستییەكە، كە ئێمە لە واقیعێكی دوو ئیدارەییدا دەژین".

حەملان ئاماژەی بەوەكردووە، لە هەولێرەوە داهاتی نەوت و پشكی سلێمانی لە 200 ملیارەكە رەوانەی سلێمانی دەكرێت، بەڵام ئەوان پشكی خۆیان بۆ تەمویلی مووچە، كە %43ی مووچەیە و 167 ملیار دینار دەكات، ناگەڕێننەوە بۆ گەنجینەكانی حكومەت و بانكەكان تا بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران خەرج بكرێت.

هەروەها وتی "یەك چارەسەر هەیە، دەبێت بە یاسا دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو ناوچەكان و لە هەموو دەروازە سنوورییەكان و بەڕێوبەرایەتییەكان بچەسپێت، نەك دەسەڵاتی حزب و كەس. ئێمە لە واقیعدا لە دۆخێكی دوو ئیدارەیی دەژین. ئەگەر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لە هەموو شوێنەكان بێت، ئاستی قاچاخچێتی دادەبەزێت و ئاستی كۆكردنەوەی داهات و بژێوی خەڵك باشتر دەبێت. چەندین جار پارە بۆ پڕۆژە خەرج كراوە هێشتا جێبەجێ نەكراوە، دەبێت ئەو كەسانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت. داهات هی خەڵكە، دەبێت بۆ خەڵك بێت".

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دەڵێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەیەكەوە لەسەر ئەوە رێككەوتوون 200 ملیارەكەی بەغدا سلفەیە و تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بەردەوام بێت و دوای ئەوە لەسەر بنەمای راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی بەغدا بڕیار  دەدات.



PM:11:49:09/02/2022