بەپەلە:" بەرهەم ساڵح ناوی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش کردووە"( نوێکراوەتەوە)

بەرهەم ساڵح دەبێتە پاڵێوراوی  یەکیتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو ناوی پێشکەشی پەرلەمان کردووە. 
بەپێی زانیاریەکانی سپی نیوەرۆ دوێنێ ١٩-٧ بارزانی سەرۆکی هەرێم ( ماوە بۆ درێژکراو ) پەیوەندیکردووە بە مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە کە پەلە بکەن لە دانانی ناوی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
بەپێی زانیارییەکان لەماوەی سێ رۆژدا بارزانی جگە لەبینی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، هەریەک لە عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ و محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەکگرتووی بینیوە و لەسەر پرسی وەزعی عێراق و کاندیدی کورد بۆ ئەو پۆستە رای وەرگرتوون، دوا کۆبوونەوەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دا بوو کە ٢٠ی تەموز لە پیرمام سازکرا، بەپێی زانیارییەکانی سپی هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەو بابەتانەی لەو کۆبوونەوەیەدا باس کراون، لەنێویاندا دانانی کاندیدیك وەک نوێنەری کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
سپی زانیویەتی کە شەوی رابردوو بەرپرسانی یەکێتی، بارزانی سەرۆکی هەرێمیان ئاگادار کردۆتەوە کە کاندیدی ئەوان بە "زۆرینەی دەنگ"، بەرهەم ساڵحە بۆ ئەو پۆستە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمرۆ یەک شممە کۆنەبۆتەوە.
وابریاریشە ئەمرۆ لەسەر ئەم پرسەو چەند پرسێکی تایبەت مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبێتەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئارامی شێخ محەمەد دوێنێ لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا وەتی" دوا وادەی پێشکەش کردنی ناوی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، رۆژی یەک شەممە ٢٠ ی تەموز تا کاتی تەواوبوونی دەوامی رەسمیە".   

چاوەروانی زانیاری زیاتر بن..


AM:10:36:20/07/2014