دادگای فیدراڵی عێراق دووەم روونكردنەوەی لەسەر نەوتی هەرێم بڵاوكردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جارێكی دیكە بڕیاری لەسەر نادەستوریی بوونی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم دایەوە.

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق روونكردنەوەیەكی لەسەر بڕیاری پێشووی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، بڕیارەكەی لەسەر دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم لەسەر بنەمای ماددەكانی (110 و 111 و110 و115 و121 و130 ) دەستور بووە، هەروەها پێشتر بڕیارێك لەلایەن یەكێك لە دادگاكانی ئەمەریكا دراوە لەسەر بنەمای سكاڵایەكی وەزارەتی نەوت دژی هەرێم.  

 دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیارەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تانەی لێدراوە و دواتر دادگای پێداچوونەوەی ئەمەریكا لە ساڵی 2015 پێداچونەوەی بە بڕیارەكەدا كردووە و لەبەرژەوەندی سكاڵاكار كە وەزارەتی نەوت بووە تانەكەی رەتكردۆتەوە.  
  
دادگای فیدراڵی دەڵێت، بەرژەوەندی باڵای عێراق و گەل وایخواستووە ئەو دۆسیەیە یەكلایی بكەنەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012.  

لە چەند رۆژی رابردوودا دادگای فیدراڵی رایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم نادەستوورییە و دەبێت هەرێم لەڕێگەی بەغداوە نەوت هەناردە بكات، ئەو بڕیارەش كاردانەوەی جیاوازی بەرپرسان و حكومەتی هەرێمی لێكەوتەوە.





PM:02:12:17/02/2022