ئەیاد عەلاوی: قەدەغەی گەشتکردن بۆ خەڵکی گەندەڵ دەردەچێت، نەک بۆ کەسانێک کە پاک و بێگەرد بن

دوای بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی رایدەگەیەنێت" قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ خەڵکی گەندەڵ دەردەچێت، نەک بۆ کەسێکی عەلی عەلاوی کە کەسێکی پاک و بە توانایە". 

ئەمڕۆ یەکشەممە ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" کاتێک نرخی دۆلار بەرزکرایەوە بەرامبەر بە دیناری عێراق بە گفتوگۆکردن بوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان و سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی حکومەت تیایدا یەک دەنگ بوون، ناکرێت بکرێتە سەرشانی چەند کەسێک". 

ئەوەشی خستەڕوو، قەدەغەی گەشتکردن بۆ خەڵکی تاوانبار و گەندەڵ دەردەچێت لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە، نەک بۆ کەسانێک کە پاک و بێگەرد بن وەک عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق، کە خۆشی داوای کردووە متمانەی لێبسەننەوە و رێگەی بدەن رونکردنەوەی خۆی بدات.

دوێنێ دانیشتنى حاکم زاملى جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکان لەبارەى نرخى دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر دینارى عێراق بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا بە دەنگى سەرجەم بەشداربوان بڕیاردرا، کە گەشتکردنى دەرەوەى وڵات لە عەلى عەلاوی وەزیرى دارایى عێراق قەدەغە بکرێت تا ئەو کاتەى دێتە بەردەم ئەنجومەنى نوێنەران بە مەبەستى لێپرسینەوە.


PM:03:58:20/02/2022