مەسرور بارزانی: كۆبوونەوەكانی ئاسایشی میونشن ئەنجامی باشیان دەبێت


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەركردەی وڵاتان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونیشن ئەنجامی باشی دەبێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە میدیاكانی حیزبەكەی راگەیاندووە، چەندین دیداری دوولایەنەیان ئەنجام داوە و كۆبوونەوەكانیان بەرهەمی باشیان دەبێت، بەشدارییان بۆ ئەوە بووە  تێڕوانین و بیروبۆچوونەكانی خۆیان وەكو هەرێمی كوردستان بخەنەڕوو، چەندین دیداری دوولایەنەشیان ئەنجامداوە".

سەرۆكی حكومەت روونیكردەوە، لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانەی كە لە ناوچەكەدا روودەدەن، روانگەی هەرێمی كوردستانیان خستووەتەڕوو، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگن، هاوكات گوێبیستی بیربۆچوونی لایەنی بەرامبەریش بوون و پێیوایە كۆبوونەوەكان بەرهەمی باشی دەبێت.

سەبارەت پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمە بابەتێكی ناوخۆییە، بەڵام نیگەرانی خۆمان نیشان داوە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی بە سیاسی كراون، بەداخەوە دژی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیارەكە دراوە، ئەوەی لەتواناماندا بووە بۆ شیكردنەوەی بابەتەكان، قسەی پێویستمان لەبارەوە كردووە".

رۆژی 18 تا ئەمڕۆ، كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو لە هەرێمی كوردستانیش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداربوون.



PM:07:25:20/02/2022