جووتیار عادل: بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئایندەی سیاسیی عێراق دەخاتە مەترسییەوە

وتە بێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێکی سیاسیی دەیبینین، بێگومان ئەمە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی دیکە و چەند رەھەندێکی سیاسیی ھەیە، ئێمە لە حکوومەتی ھەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان رەتکردەوە و لەلای ئێمە قبوڵکراو نییە، چونکە پشت بە ھیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت".

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی شوبات، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل،  لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا دەڵێت  کە "هەرچەندە بڕیارەکانی دادگا تانەی لێ نادرێت چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەوان لە حکوومەتی هەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەیان رەتکردووەتەوە و لەلایان قبوڵکراو نییە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەم بڕیارە پشت بە هیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت، لە هەمانکاتدا پێیانوایە دەسەڵاتەکانی دەستووریی هەرێم لەم بوارەدا رەچاونەکراوە".

لە کاتێکدا رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، لە بڕیارێکی چوار خاڵییدا، فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە، بە نادەستوریی ناوبرد و داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کرد و، ئەمەش کاردانەوەی خێرا و توندی حکوومەت و پەرلەمان و لایەنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانی بەدواداھات رایانگەیاند کە، ئەو بڕیارە ھێندەی بڕیارێکی سیاسییە، ھێندە یاسایی و دەستووریی نیە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت "لە ماددەکانی ١١٢،١١١، ١١٠ ی دەستور بەشێویەکی روون باس لەوەکراوە کە، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە سیاسەت و ستراتیژیەتی گەشەکردن بە کەرتی نەوت و غاز بدەن، بێگومان ئەمە دەسەڵاتێکی تایبەت نیە بە حکومەتی فیدڕاڵی بەڵکو دەسەڵاتێکی هاوبەشە و لەدەستوردا هاتووە، هاوکات ئێمە لەسەردەمی حکومەتەکەی مالکی رێککەوتنمان کرد کە، تا یاسای نەوت و غازی عێراق دەردەچێت، هەر لایەک بۆی هەیە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا بکات، هەر بۆیەش ئەو کێڵگانەی کە پێویست بو گەشەی پێ بدرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان ئەو کێڵگە نوێیانەی گەشەپێداوە، چونکە لە دەستوردا ئاماژە دەکات کە تەنها ئەو کێڵگانەی کە هەن، عێراق بۆی هەیە گەشەی پێبدات، نەک ئەوانەی نوێیە".

هەر لە دیمانەکەدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسی بووە و  ئێمە لە حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان رەتکردەوە و لەلای ئێمە قبوڵکراو نیە، چونکە پشت بە هیچ بنەمایەکی دەستوری نابەستێت، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتەکانی دەستوریی هەرێم لەم بوارەدا رەچاونەکراوە، هەروەها بڕیارەکانی دادگا تانەی لێ نادرێت چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و هەڵوێستی خۆمان رونکردوەتەوە و نایشارینەوە، داداگای فیدڕاڵیش لە رۆحی دەقەکانی دەستوردا لایەنگیریی دەکات کە بەداخەوە ئەمە جێگای قبوڵ نییە".

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێت "ئێمە پابەندین بەو ئەرکانەی لەبەرامبەر ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە هەمانە، ئەو پابەندبوونە بە نیسبەت حکومەتەوە ئەولەویەتی هەیە و دڵنیایان دەکەین پابەندین لەسەر ئەرکەکانمان، هاوکات حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە، چ لەسەر بنەمای دەستور بێت کە ئێمە دڵنیاین لەو گرێبەستانە پشتمان بەدەستور و یاسای نەوت و غازی هەرێم بەستوە، بۆیە ئێمە بە قەناعەتێکی تەواو ئەو سیاسەتەی کردومانە سیاسەتێکی راست و دروست بوە".

 

 



PM:03:23:21/02/2022