سەرۆکی ئۆکرانیا: هەموان پشتییان تێكردین و بە تەنیا ماینەوە بۆ بەرگری لە وڵاتەكەمان

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕەخنە لە وڵاتان دەگرێت و رایدەگەیەنێت" وڵاتەکەمان لەبەردەم هێرشی روسیادا بە تەنیا مایەوە و هەمووان پشتیان تێکردین". 
 
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێكیدا لە ڕێی ڤیدیۆوە كە لەلایەن ماڵپەڕی سەرۆكایەتی ئۆكرانیاوە بڵاوكرایەوە و بە گەلەکەی راگەیاند" ئێمە بە تەنیا جێهێڵدراوین بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتەکەمان، كێ‌ ئامادەیە بۆ شەڕكردن لەگەڵمان.. كەس نابینم". 

زیلینسكی جەختیشیکردەوە، لە پایتەخت دەمێنمەوە، خێزانەكەشم لە ئۆكرانیايە، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستمان كەوتوون، دوژمن منی بە ئامانجی ژمارە یەک دیاری كردووە و خێزانەكەشم ئامانجی ژمارە دوو. 

سەرۆکی ئۆکرانیا دەربارەی ئاماری قوربانییەکان وتی" (١٣٧) ئۆکرانی لە هێزە سەربازییەکان و هاووڵاتی مەدەنی لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی رووسیا کوژراون و لانیکەم (٣١٦) کەسی دیکەش برینداربوون".

باسی لەوەشکرد، چەند "گروپێکی تێکدەر"ی ڕوسیا چوونەتە کیێڤەوە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکەم، کە پابەند بن بە مانەوەیان لە ماڵەکانیان. 


AM:09:45:25/02/2022