ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئابوری هەرێم بڵاوکرایەوە

ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممەی ٥ئاداری ٢٠٢٢ یان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیانکردەوە لەسەر بەردەوامی هەوڵەکانی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی ئەو رسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن، لە ھاووڵاتییان، بەجۆرێک ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی وئابووری هاووڵاتی سودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت، سەرەڕای برەودان بە گەشەکردنی بازرگانی و ئابووری.

 

دەقی راگەیەنراوی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:

 

ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئاداری ٢٠٢٢ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیی ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانمان کرد .

 

لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، گفتوگۆ دەربارەی ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاکان كرا، ئەم لیژنەیە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی ئابورییەوە‌ پێکهێنرا بە مەبەستی ڕێکخستنەوەو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕسومات و کرێ خزمەتگوزاریانەی کە دامودەزگاکانی حکومەت کۆیان دەکەنەوە، لە پێناوی ئەوەی جارێکی تر ئەو داهاتانە بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

پوختەی ڕاپۆرتەکە خرایەڕوو کە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆگرتبوو لە پێناوی ڕێکخستنەوەی ئەو رسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە ھاووڵاتییان،  بەجۆرێک ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی وئابووری هاووڵاتی سودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت، سەرەڕای برەودان بە گەشەکردنی بازرگانی و ئابووری. لە گرنگترین پێشنیارەکانیش کە لە ڕاپۆرتەکدا هاتبوو، پێداچوونەوە بە یاسا وڕێنماییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان  و پێشخستنی سیستمی ئەلکترۆنی تۆماری داهاتەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی رووتین وبڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر داهاتی گشتی ناو ئەو سیستمە ئەلکترۆنیە بۆ ڕای گشتی وخستنەڕووی بوارەکانی خەرجکردنیان بوو.

وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە لیژنەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە، جەختمان لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە کاروبارەکانی حکومەت و بەتایبەتی بۆ تۆمارکردنی خەرجی و داهاتەکان کردەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی رووتین و ئەڵقە زیادەکانی پرۆسەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی داهاتی گشتی.

دوای گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکان، ئەنجومەنی ئابووری پێشنیارەکانی پەسەندکرد و بڕیارماندا بە جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی پلانێکی تۆكمە‌، بە جۆرێک لایەنی بەرپرسیار وپرۆسەی جێبەجێکردن و ماوەی پێویست بۆ هەر پێشنیارێک، دیاری بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆمان دەربارەی دۆخی ئابووری و دارایی كرد و جەختمان لە پێویستیی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان كرد ، لە هەمانکاتدا هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێم ومووچەی مووچە‌خۆران. هەروەها ئەنجومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.



PM:02:08:05/03/2022