"عەلوەی نوێی سلێمانی پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار"

ئەمڕۆ ٧ی ئایار دووشەممە، کاتژمێر١١پێش نیوەرۆ بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی عەلوەی  رۆژئاوای سلێمانی کرایەوە.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی هەریەکە لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دارا رەشید وە‌زیری پلاندانان، محەمەد شوکری سە‌رۆكی دە‌ستە‌ی وە‌بە‌رھێنان و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی کرایەوە.

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەکاتی کردنەوەی عەلوەی نوێی سلێمانی ڕایگەیاند" عەلوەی نوێی سلێمانی پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە و هەوڵێکە بۆ فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، رەخساندنی هەلی کار، پاراستنی ئاسایشی خۆراک و بوژانەوەی ئابوری، هەروەها لەداهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی هاوشێوە لە هەڵەبجە، رانیە، هەولێر و شارەکانی دیکەش دەکرێنەوە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیشە زۆربەی ئەو پڕۆژانەی لەم ماوەیەدا دەکرێنەوە پرۆژەی کشتوکاڵین ".

 

هەر ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی عەلوەی نوێی سلێمانی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە وتارێکیدا ڕایگەیاند "عەلوەی نوێی سلێمانی لەسەر رووبەری ١٠٣ دۆنم زەوی دروستکراوە، ٢٠٥ کەرت لەخۆدەگرێت و رووبەری هەر کەرتێک ٢٥٠ مەترە، لەگەڵ ئەوەشدا شەش ساردکەرەوەی بە رووبەری هەزار مەتر دووجای تێدایە، هەروەها تاقیگەیەکی کوالێتی کۆنتڕۆڵیشی تێدا دروستکراوە ".

 



PM:01:57:07/03/2022