قائیمقامی هەولێر: توانیومانە کۆنترۆڵی نرخی کاڵاکان بکەین

قائیمقامی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" لە دوای گرتنەبەری چەندین ڕێوشوێن و سزادانی ئەو شوێن و مارکێتانەی بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخەوە سزامان دان یا دامانخستن، دوای ئەوە بارودۆخەکە زۆر زۆر ئارام بۆتەوە بگرە نرخەکانیش بەڕێژەیەکی کەم دابەزیوەتەوە".

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کە دڵە ڕاوکێ لای هاوڵاتیان دروستبوو بەهۆی ئەو پڕوپاگەندەیەی کرا گوایە بەهۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە زەیت و ڕۆن نەماوە بەداخەوە ترس دروستبوو خەڵکێکی زۆر ڕویکردە کڕینی ڕۆن و زەیت، بەڵام ئێمە لەوکاتەدا لە پارێزگا کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون ڕاگەیەنراومان بڵاوکردەوە کە پێویست بەو دڵە ڕاوکێی ترسە ناکات، ڕۆژی دواتر لیژنەیەکمان پێکهێنا هەرچەندە لیژنەکانی خۆمان بەردەوامبون لە گەڕان، کۆگاکانمان پیشانی خەڵکدا بە مەیدانی کە بەسەرمان کردنەوە، دڵنیایمان دانێ کە کۆگاکان پڕن لە کاڵا و خواردەمەنی، وە کۆمپانیاکان ئەو گرێبەستانەی هەیانە بۆ کڕینی کاڵا و خۆراک هەمووی بەشێوەیەکی سروشتی دەڕوات وە دەروازە سنورییەکان ئاسایین، هاوکات لە ئەنجامدا بەشێک لەو شوێن و مارکێتانە داخران، هاوڵاتیانیشمان دڵنیا کردەوە کە چاوپۆشی لە کەس ناکرێت، چاودێری لەسەر بازاڕ و مارکێتەکان هەیە بارودۆخەکە زۆر ئارامە خەڵکەکەش ئەو پەیامەی پێگەیشت کە هیچ گرفتێکمان لە خۆراکدا نیە". 

قائیمقامی هەولێر باسی لەوەشکرد، لە ماوەی دوو ڕۆژدا پانزە شوێن داخراون بەهۆی یاریکردن بە نرخەوە، جگە لە غەرامە کردن، شوێنی واش هەیە تا ئێستاش هەر داخراوە.

نەبەز عەبدولحەمید جەختیکردەوە، ئەو ڕێوشوێنانەی ئێمە لەبەرابەر ئەو مارکێت و بازرگان و شوێنانە گرتومانەتە بەر زۆر کاریگەری هەبووە، زانیاریمان بۆ هاتووە خەڵک هەبووە نرخی بەرز کردۆتەوە بەڵام دوای ئەوەی بینوێتی کە مارکێتی تر ڕێوشوێنی بەرامبەر گیراوەتە بەر نرخەکەی ئاسایی کردۆتەوە، ئەو هەڵمەتانەی ئێمە لە سێ ڕۆژی ڕابردوو ئەنجاممان دا زۆر باشبوو بۆ ئەو کەسانەی کە نیازییان بەرزکردنەوەی نرخ و یاریکردن بوو بە نرخ.


AM:10:15:11/03/2022