كازمی: ئەو ئەركەی پێمان سپێدرابوو جێبەجێمان كرد


مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت "ئەو ئەركەی لە پێناوی خزمەتكردنی گەلی عێراقی مەزندا پێمان سپێردرابوو جێبەجێمان كرد، لەسەر حسابی بەرژەوەندی نیشتمانی، رارایی و كەمتەرخەمی‌و سازشمان نەكردووە".

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "ئەو ئەركەی لە پێناوی خزمەتكردنی گەلی عێراقی مەزندا پێمان سپێردرابوو جێبەجێمان كرد، لەسەر حسابی بەرژەوەندی نیشتمانی، رارایی و كەمتەرخەمی‌و سازشمان نەكردووە، بەرژەوەندی خۆمانمان پێش بەرژەوەندی گەلەكەمان نەكردووە، نەچوینە ناو مشتومڕ‌و موزایەدەكاتەوەو نیشتمانمان گەیاندە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد".

كازمی ئاماژەی بەوەكردووە "بە ئارامییەوە بنەماكانی تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوریی‌و ئەمنیی و كۆمەڵایەتییە گەورەكانمان دانا سەرەڕی بەربەستە ناخۆشییەكان و ئاڵنگارییە دەرەكییەكان، عێراقمان بەسەربەرزییەوە گەڕاندەوە بۆ كۆمەڵگەی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی".

هەروەها وتویەتی "رێگای نەهێشتنی گەندەڵی و گەندەڵكارانمان كردەوەو دەوڵەتمان لە چنگی نادەوڵە رزگاركرد، تیرۆر‌و شانەكانیمان بێدەنگ كرد بە هیمەتی پاڵەوانەكانی هێزە سەربازیی و ئەمنیی و هەواڵگرییەكانمان".

هەروەها دەڵێت "ئەو هێز‌و حیزب و كەسایەتییە نیشتمانییانەی كە پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموكراتیانە هێناونیەتە پێشەوە ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی پاراستنی رێبازی نیشتمانیان دەكەوێتە ئەستۆ لە رێگەی كۆتاییهێنان بەو قەیران سیاسی‌و پێكهێنانی حكومەتێكێك كە نیشتمان بپارێزێت‌و دەستكەوتەكان بپارێزێت‌و بەرگری لە یەكێتی و موقەدەراتی بكات‌و ئێمەش هەموو هەواڵەكان لە پێناوی ئەو رێگایەدا پیرۆز دەكەین".

پەیامەكەی مستەفا كازمی لە كاتێكدایە هێشتا نازانرێت ناوبراو دەتوانێت بۆ خولێكی دیكە سەرۆكایەتی حكومەتی عێراق وەربگرێتەوە یان نا؟، بەتایبەتیش ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە و 73 كورسی پەرلەمانی هەیە، بەنیازە جەعفەر سەدری ئامۆزای بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو كاندید بكات.

مستەفا كازمی، ماوەی دوو ساڵە بۆتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا بەڵێنیدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، ئەوە بوو لە رۆژی 10ی مانگی 10ی ساڵی رابردوو هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەڵام تائێستا ئاسۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ نادیارن.




PM:02:51:11/03/2022