یەکگرتوو: لە دەقیقەی پێویستدا بڕیار لەسەر بەشداریکردن لە دانیشتنەکەی پەرلەمان دەدەین

تا ئێستا فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیاری نەداوە بەشداری دەکات لە کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یاخود بەشداری ناکات، لەو ڕووەوە د.موسەنا ئەمین دەڵێت" ئێمە لە دانیشتنێکی وەک ڕۆژی شەممە بڕیارمان نەداوە ئایا بەشداری دەکەین یاخود نا ئەسڵەن، لە دەقیقەی پێویستدا ئەو بڕیارە دەدەین لەبەرئەوە حەتمەن ئەو بابەتەشمان هێشتا یەکلایی نەکردۆتەوە کە دەنگ دەدەین بە چ کاندیدێکی سەرۆک کۆمار یاخود دەنگ نادەین". 

موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" ئێمە هێشتا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە، چونکە بە ڕۆژێکی ماوە، تەنانەت جاری وا هەیە بە سەعات لە عێراقدا زۆر شت دەگۆڕێت، لەوانەیە لە کاتی کۆبونەوەکە هەندێک شت بگۆڕدرێت لەوکاتەدا پێویست بەوە بکات هەڵوێست بگۆڕدرێت، ئێمە وەک پڕەنسیب لە گەڵ ئەوەین کە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە کاری خۆیدا و لەماوەی دەستوریدا سەرۆکایەتیەکان هەڵبژێردرێت، زیاتر لەوە، تەنگەژە و باری خراپ بۆ دەرونی خەڵک و بازاڕ و دۆخەکە دروست نەکرێت، بەڵام ئەوەش مانای ئەوەنیە ئێمە پێمان وابێت ئەم جەمسەرگیرییەی ئێستا لە عێراقدا هەیە شتێکی تەندروستە و شتێکی تەندروستی لێ دروست دەبێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە جۆرێک ڕێککەوتن بکرێت، ئێستا عێراق بۆتە مەیدانی جەمسەرگیری هەرێمایەتی لەبەر ئەوە ئەگەری کەوتنەوەی مەترسی گەورە لە ئارادایە ئەگەر بێت و بە بێ گوێدانە ئەو بارودۆخە هەستیارەی عێراق هەیەتی، هەندێک لە هێزە سیاسییەکان بیانەوێت بە زۆرە ملێ هەندێک شت بسەپێنن، بۆیە لەم دۆخەدا ناتوانرێت بە ئاسانی یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی دانیشتنەکانین، بەڵام هەتا دوا ساتەکانیش هەموو ئەگەرەکان کراوەن، ئەگەری هەیە دوای ئەوەی کۆبونەوەکەش ئەنجام بدرێت پێویست بکات ئێمە بایکۆتی بکەین، ئێمە لە دیراسە کردنی هەڵوێستەکەین بە شێوازێکی ورد، کۆبونەوەمان هەیە لەسەر ئاستی باڵا ڕاوێژی خۆمان دەکەین لە گەڵ دڵسۆزمان، پاشتر لە دەقیقەی پێویستدا ئێمە بڕیار دەدەین بەشداری کۆبونەوەکە دەکەین یا خود نا". 

دەربارەی پێشبینی بۆ کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق ناوبراو باسی لەوەکرد، بە پێی ئەو داتایانەی من لامە، قسەکردن لەگەڵ شارەزایان و بەدواداچون و شەن و کەوکردنی، ڕەنگە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبن بۆ کۆبونەوەکەی سبەینێ، ئەو هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەی پێکهاتووە (سەدر و بارزانی و حەلبوسی) لە باشترین حاڵەتدا تا ئێستا ڕەنگە نەتوانن نزیکەی (٢٠٠) پەرلەمانتار کۆبکەنەوە، کە خودی کۆبونەوەکە پێویستی بە ئامادەبونی لانی کەم (٢٢٠) پەرلەمانتارە.

سەبارەت بە داواکاری هەندێک لە لایەنەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن وتی" هەڵبژاردن بڕیاری دووبارە کردنەوەشی بدرێت تا ساڵێکی تر ناتوانرێت ئەنجام بدرێت بە هۆی ئامادەکاری کردن بۆی لە ڕووی لۆجیستییەوە، لەبەر ئەوە ئیمکانی ئەو بابەتە نیە". 


AM:10:07:25/03/2022