وێنە.. کارگەیەکی سوێرکردنی گوڵە بەڕۆژە لە سلێمانی داخرا

قائیمقامیەتی سلێمانیی بڕیاری دا بە داخستنی کارگەیەکی سوێرکردنی گوڵە بەڕۆژە  کە خۆی شوێنی کارگەکانی بلۆکە، بەڵام كارگەیەك كراوە بە شوێنی سوێركردن و ئامادەكردنی گوڵە بەڕۆژە بۆ برژاندن.

ئەمڕۆ ١٣ی نیسان چوارشەممە، د. هەرێم محەمەد، نوێنەری بەرێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، "ئەو شوێنە هیچ مۆڵەتێكی كاركردنی نییە، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی سەراوە ئاگادار كراینەوە، سەردانی شوێنەكەمان كرد بینیمان كە هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نییە، هەروەها ئەو گوڵە بەڕۆژەیەی كە سوێر دەكرێت شیاو نییە بۆ خواردن، چونكە لە شوێنێكی كراوەدا سوێر دەكرێت و ئەو ئاوەی بەكار دەهێنرێت لە بیرێكەوە بۆی ڕاكێشراوە كە هیچ پشكنینێكی بۆ نەكراوە تا بزانرێت گەنجاوە بۆ بەكارهێنان یان نا".

باسی ئەوەشیکرد،  ئەو گوڵەبەڕۆژەیەی لەشوێنەكەدایە دەستی بەسەردا دەگیرێت و شوێنەكەش دادەخرێت و خاوەنەكەی ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

 

 



PM:02:22:13/04/2022