پاش دەرکردنی وەزیری کاروباری شەهیدان لە مۆنۆمێنتی ئەنفال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفال کراوانی هەرێم له‌ په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی تێپەڕبوونی (٣٤) ساڵه‌ی ئه‌نفال رایدەگەیەنێت" جەخت لە داواكاری کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە و درێژە بە هەوڵەكانمان دەدەین بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی". 

بەیانی ئەمڕۆ گرژى و ئاڵۆزی له‌ (٣٤) هه‌مین ساڵیادى ئه‌نفالدا لە چەمچەماڵ دروستبوو، چونكه‌ كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان رێگه‌یان نەدا کە عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود، وه‌زیرى کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان وتار پێشكه‌ش بكات و مه‌راسیمه‌كه‌یان راگرت. 

دوای ڕووداوەکەش وەزیری شەهیدان و ئەنفال کراوان ڕاگەیەندراوێکی بەوبۆنەیەوە بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٤ / ٤ / ٢٠٢٢ بەشداریمان کرد لە مەراسیمی یادی ٣٤ ساڵەی شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و وتارێکمان پێشکەشکرد کە ئەمە دەقەکەیەتی : كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان. ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ تێپەردەبێت بەسەر گەورەترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی گەلی كوردستاندا ، ئەنفال بەشێك بوو لە زنجیرە و پلانێكی دڕندانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.

ڕژێمی بەعسی ڕووخاو جگەلە خاپوور كردنی گوندەكان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، مەرامی سڕینەوە و لەناوبردنی خەڵکە سڤیلەکەی و تێکدانی ژینگە و کەلتور و زمان و جینۆسایدكردنی گەلەكەمان بوو بەگشتی، پاش تێپەڕ بوونی كەمتر لە سێ‌ ساڵ بەسەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی ئەنفالداو لە ساڵی (١٩٩١) خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان ڕاپەڕین و بەیەکجاری كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەی بەعس هێنا لە کوردستان كەس و كاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی (2007/6/24) پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو بڕیارەى كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو بڕیارى بە سزا گەیاندنى ئەنجامدەرانیشیدا.

بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەكاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگریت كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی جینۆساید حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كاتێكدا درێژە بە هەوڵەكانیان دەدان بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی، لە هەمان كاتدا بەردەوام پەرۆشی خزمەتكردنی زیاتری كەس و كاری شەهیدانی ئەنفال و كیمیاباران و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆسایدن.

هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (١٣٢)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە. نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان سەربەرزی بۆ خانەوادە کانیان.


PM:02:20:14/04/2022