بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات لەمەودوا هەر كەسێك دەتوانێت داواكاری بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای حەج و عومرە بكات ئەگەر پێشتر حەجیشی نەكردبیت.
بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، بە مەبەستی ڕێكخستن و ئەنجامدانی چاكسازی و كارئاسانی زیاتر و كەمكردنەوەی ڕووتین ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی هەرێمی كوردستان، مەرج و ئەرك و رێنمایی نوێ بۆ ئەو كەسانە بڵاو دەكاتەوە كە خوازیارن كۆمپانیای عومڕە بە تەنها یاخود كۆمپانیای حەج و عومڕە دابمەزرێنن.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە گرنگترین ئەو گۆرانكارییانەی كە لە مەرجەكاندا كراوە لەمڕۆوە هەر هاوڵاتییەك خوازیاری ئەوە بێت لە بواری عومڕەدا كاربكات دەتوانێت داواكاری پێشكەش بە بەرێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی پارێزگاكەی خۆی بكات ئەگەرچی پێشتر حەجیشی نەكردبێت.
وەك لە راگەیەنراوەكە هاتووە، ئاگاداری هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەنەوە كە هەر كەسێك خوازیاری ئەوە بێت لەبواری حەج و عومڕەدا كار بكات و مەرجەكانی تێدا فەراهەم بێت دەتوانێت لەمڕۆوە داواكاری پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی پارێزگاكەی خۆی بكات بە مەبەستی وەرگرتنی مەرج و ڕێنمایی و ئەركەكان و ئەنجامدانی ڕێككارەكانی پێویست بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی كۆمپانیای حەج و عومڕە.