حكومەتی هەرێم: چەكدارە نایاساییەكانی شنگال، ناوچەكە چۆڵ بكەن


حكومەتی هەرێم رایگەیاند، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ شنگال و دەورووبەری و دەرچوونی تەواوی ئەو ھێزە چەكدارە نایاساییانەی كە لەو ناوچەیەن، رێخۆشكەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ناوچەكە.  

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لە ماوەی ڕابردوودا و لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش، گەلی كوردستان بە گشتی و ئێزیدییەكان بەتایبەتی تووشی كارەساتی زۆر گەورە بوون كە بەهۆیەوە سەدان كەس شەهید و بریندار بوون و سەدان كەسیش دەستبەسەر كران و ڕفێنران".  

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە "حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێت بە پێی ئەو توانایەی كە لەبەردەستیدایە پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان جێبەجێ بكات، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی كە بەھۆی شەڕی تیرۆرستانی داعشەوە تووشی وێرانكاری ھاتوون بۆ ئەوەی دانیشتوانەكانیان بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان".  

ناوبراو وتویەتی "گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ شنگال و دەوروبەری و دەرچوونی تەواوی ئەو ھێزە چەكدارە نایاساییانەی كە لەو ناوچەیەن، رێخۆشكەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ناوچەكە و ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و گەرانەوەی ژیان بۆ ناوچەكە، لەو پێناوەشدا لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی كاری جدی دەكەین و ھەماھەنگی باشیش لەو بوارەدا ھەیە".  

سبەینێ چوارشەممە كە بە چوارشەمەی سور ناسراوە سەری ساڵی ئێزیدییەكان و هاوڵاتیانی ئێزیدی مەراسیمی تایبەت بە خۆیان ساز دەكەن.  




PM:11:00:19/04/2022