راگەیەنراوێك لەلایەن پارتییەوە لەسەر دۆخی شنگال



پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات "هێزی نایاسایی و قاچاخچی و میلیشیا لە شنگال دەربچن و واز لە خەڵكی شنگال بهێنن" و هۆشداری دەدات لەوەی "پارتی ناتوانێت چیتر چاوەڕێی ئەوە بێت خەڵكی شنگال لەژێر هەڕەشە و كۆڵەمەرگی و ئاوارەییدا بژیێت و یاری بە چارەنووسیان بكرێت."  

لقی 17ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە دۆخ و ئاڵۆزییەكانی شنگال رایگەیاندوە "لەلایەن هەندێ لایەنی نابەرپرس دیسان موزایەدات لەدژی پارتی دووبارە دەبێتەوە. لێرەدا بە بیر هەموو لایەك دەهێنینەوە كە خەڵكی شنگال خۆیان شاهیدی ئەوەن كە كێ بۆ شنگال قوربانی و خوێنی داوە. لەكاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال هەموو ئەو هێز و لایەنانەی موزایەدات دەكەن بە یەكێتی و پەكەكە و حكوومەتی عێراقیشەوە لە شنگال بوون، كەسیان بەرگرییان لە شنگال نەكرد و، تەنیا پارتی بەرگری كرد و خوێنی دا. لە پڕۆسەی ئازادكردنی چیای شنگال و ڕێگەكانی شنگال لە مانگی كانوونی یەكەمی 2014 و، لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال لە تشرینی دووەمی 2015 ئەوە پارتی و پێشمەرگەكانی پارتی بوون كە بە تەنیا و بە خوێنی خۆیان شنگالیان ئازادكرد و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە."  

 هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "دوای پیلانی شازدەی ئۆكتۆبەری 2017ـش پێشمەرگەكانی پارتی لەسەر داوای خەڵكی شنگال و بۆ ئەوەی شەڕ نەكەوێتە شنگال و لەنێوان شنگالییەكاندا گرفت دروست نەبێت، لە شنگال پاشەكشەیان كرد بەو مەرجەی كە خەڵكی شنگال خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و ئامانجی پارتیش ئەوە بوو دەرفەت بدرێتە دانیشتوانی شنگال كە خۆیان حوكمی خۆیان بكەن. بەڵام ئەوە حكوومەتی عێراقی بوو كە بەڵێنەكانی پێشێل كرد و شنگالی دایە دەستی قەدەر و حوكمی چەكدارانی پەكەكە و میلیشیای نایاسایی كە كاریان تەنیا قاچاق و موخەدەرات و ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و یاریكردن بە چارەنووسی شنگال بووە. هەموو لایەك ئەو ڕاستییە باش دەزانن كە بەهۆی داوا و ویستی خەڵكی شنگال، پارتی لە شنگال پاشەكشەی كرد ئەگینا چۆن پارتی لە پردێ و سحێلا لووتی چەكدار و میلیشیاكانی شكاند ئەوەهاش دەیتوانی لووتی دەستدرێژیكاران و چەكدارە قاچاقچیەكان لە شنگال بشكێنێت."  

لقی 17ی پارتی وتویەتی "چارەنووسی خەڵكی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان و جێگیربوونی ژیان و سەقامگیری بۆ خەڵكی مەزلوومی شنگال ئەولەوییەتی سەرەكییە و، ئەوە هەمان ئەو سیاسەتە دروستەیە كە بەرژەوەندیی شنگالیەكانی دەوێت و خەڵكی خۆشەویستی شنگالیش زۆر باش لەو سیاسەتەی پارتی تێدەگەن و پشتیوانی لێ دەكەن. بەڵگەش لەسەر ئەوە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری ڕابردووی عێراق بوو كە خەڵكی شنگال تەنیا دەنگیان بە پارتی دا و ئەوە پارتی بوو كورسییەكانی شنگالی بردەوە."  



PM:06:18:03/05/2022