هەپەگە کوژرانی سێ سەربازی تورکیای راگەیاند

ئەمڕۆ شەممە ٧ی ئایاری ٢٠٢٢ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە، کوژرانی سێ سەربازی تری سوپای تورکیا و خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی پارتی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەبارەی زنجیرە چالاکییەکانی گەریلاوە ڕاگەیەندراێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" گەریلاكانمان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی زاپ دووجار هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەو وڵاتە کوژران، سەربازێکی تریش بریندار بوو". 

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی چواری ئەم مانگە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، لە بنکەیەکی سەربازی پارتییەوە لە نزیک ئاکرێ بەرەو ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی گەریلاکانمان لە گارێ ئاراستە کراوە، بە مەبەستی چاودێری سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەستی گەریلاکان، هەر بۆیە لەلایەن هێزەکانمانەوە خراوەتەخوارەوە.

هەپەگە ئاشكراشیكردووە، شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی پارتی بە چڕی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکراوە، بۆ ئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بە تەواوەتی لەناو بچێت.


AM:08:44:07/05/2022