حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێن بەربوون لە هەولێر ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت" حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێن بەربوون هەیە". 

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە لێدوانێکدا بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند" نەخۆشێک لە هەولێر هەیە گومانی ئەوەی لێدەکرێت تووشی تای خوێن بەربوون بووبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسەی گومانی لێدەکرێت تای خوێن بەربوونی بێت، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیوە. 

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر روونیشیکردەوە، لە نەخۆشخانەی راپەڕین لەلایەن پزیشکێک گومان لە نەخۆشێک دەکرێت کە تووشی تای خوێن بەربوون بووبێت، بەڵام ئێمە تیمێکی پسپۆڕمان بەو نەخۆشییەوە هەیە، نموونەی خوێنی لێوەرگیراوە و بۆ دڵنیابوون نێردراوەتە تاقیگەی گشتی، هەروەها گومانلێکراو لە نەخۆشەکانی دیکە جیا کراوەتەوە. 

راشیگەیاند" ئەو منداڵەی گومانی لێدەکرێت هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت، لە ناوەڕاستی عێراقەوە هاتووەتە هەولێر، چونکە تای خوێن بەربوون لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بڵاوبووەتەوە گومانەکە زیاتر بووە".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تائێستا زیاتر لە (٤٠) کەس لە شارەکانی عێراق تووشی ڤایرۆسی خوێن بەربوون بوون و هەشت کەسیش گیانیان لەدەستداوە.


PM:12:22:07/05/2022