پەرلەمانتارێكی پارتی هۆكاری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی شنگال ئاشكرا دەكات


پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "هۆكاری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و كارگێڕی شنگال كە بەغدا و هەولێر لەبارەیەوە رەزامەندن، بونی گەریلاكانی پەكەكە و ئەو هێزە سەربازییانە كە لەو حزبەوە نزیكن".

سەعید هەركی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بەمیدیای حزبەكەی راگەیاندوە "پارتی كرێكارانی كوردستان كار بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان دەكات و لەرێگەی گواستنەوەی شەڕ بۆ باشوری كوردستانیش ئەجێندای دوژمنانی كورد جێبەجێ دەكات، بەڵام با پەكەكە دڵنیا بێت كە هەرێمی كوردستان لە دەستێكی پارێزراودایە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردوە "دوژمنانی كورد سود لە بوونی هێزەكانی نزیك لە پەكەكە وەردەگرن بۆ ئەوەی دۆخی شنگال ئاسایی نەكرێتەوە و رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و كارگێڕی قەزاكە نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە ئەو رێككەوتنە كۆتایی بە ئاوارەیی خەڵكی شنگال دەهێنا".




PM:07:29:08/05/2022