حکومەتی هەرێم لەبارەی داگیرکردنی ژمارەیەک بیرە نەوتەوە روونکردنەوە دەدات

حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە هیچ بیرە نەوتێکی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی عێراقی داگیرکردبێت.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم د.جوتیار عادل لە ڕوونكردنەوەیەكدا هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون. 

لەو روونکردنەوەیەدا حكومەتی هەرێم دەشڵێت " ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نییە. کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بکرێت".

لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێم ئەوە دەخاتەڕوو " ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردووە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە". 



PM:11:17:14/05/2022