كازمی: رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین


مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت "رێزی تەواو لە دەق و كاتە دەستوورییەكان و یاسا پابەندەكان و ئەو بڕیارانە دەگرین كە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە دەركراون".  

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "حكومەت وەك حكومەتێك كە كاروباری ڕۆژانە بەڕێوەدەبات بەپێی دەستوور، پێشتر یاسای (پشتیوانی بەپەلە بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان)ی پێشكەش بە پەرلەمان كردبوو، بە هۆكاری بەپەلە؛ بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگە ئابووریانەی كە قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخەكانی جیهانی دروستی دەكات؛ ئەمەش لە پێناو بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراك و دابینكردنی سەبەتەی خۆراك، جگە لەوەی پێش وەرزی هاوین پاڵپشتی بەپەلە بۆ كەرتی كارەبا بكرێت؛ بۆ ڕێگریكردن لە هەر قەیرانێك لە بەرهەمهێنانی وزە، یان پچڕانی كارەبا لە سەرتاسەری عێراق".  

كازمی وتویەتی"هەروەها یاساكە پشتگیری لە چاودێری كۆمەڵایەتی دەكات؛ بۆ پاراستنی چینی هەژار و كەمدەرامەت لە بەرامبەر قەیرانی ئابووری جیهانیدا، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە شارەكان، ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووان و بێكاران، دابینكردنی بودجەی بەپەلە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ، مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا".  

كازمی دەڵێت "بەدینەهاتنی هەموو ئەو پێداویستیانە فاكتەرێكە رێگرە لە رۆڵی حكومەت لە بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانەدا كە بەرپرسن لە دابینكردنی پێداویستییەكانی گەلی عێراق و پاراستنی هەژارترین گروپەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری و كارەبا و سنوورداركردنی بەرزبوونەوەی نرخە نێودەوڵەتییەكان".  

  



PM:09:28:15/05/2022