لەبارەی داهاتی سلێمانیەوە
پارێزگارەکانی دەڤەری سەوز لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆدەبنەوە


بڕیارە سبەی دوو شەممە لە هەولێر سەرۆکی حکومەتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک و هەردوو پارێزگاری سلێمانی و هەردوو سەرۆکی ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لەسەر داهاتی ئەو ناوچانە کۆبێتەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە چوار شەممەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا مەسرور  بارزانی سەرۆکی حکومەت لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی سلێمانی و کێشەی دواکەوتنی مووچەی دەڤەری ئەو پارێزگایە، رایگەیاند" لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ناوچەیە کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی بزانم چۆن داهات کەمبۆتەوە ".

ماوەی سێ مانگە لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی سلێمانی بەهۆی نەبوونی نەختینەی پارەوە لە بانکەکاندا کێشەی گەورە بۆ مووچەخۆران دروستبووە، هەرچی پارتییە بە ناراستەخۆ یەکێتی تۆمەتبار دەکات کە لە داهاتی سلێمانی دەبەن، هەرچی یەکێتیشە باس لە گەندەڵی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوریەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دەکات.

کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر هەردوو دۆسیەکانی هەرێم و بەغدا ناکۆکی قوڵی لە نێوانیاندا دروستکردووەو، یەکێتی وەک لە کۆبوونەوەکاندا رایگەیاندووە" دەیانەوێت ئەمجارە ستۆپ بە پارتی بکەن".




AM:12:51:16/05/2022