لە زاخۆ حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی تای خوێن بەربوون تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت" حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی تای خوێن بەربوون دانیشتوی شەنگال لە شاری زاخۆ بە سەرەتایی دەستنیشانکراوە و ڕەوانەی شاری دهۆک کرا". 

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پەتای خوێن بەربوون (حمی النزفی) نەخۆشیەکی نوێ نیە، نەخۆشیەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤە، دەگوازرێتەوە، بە یەکێک لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان دادەنرێت بەهۆی زۆری ڕێژەی پەککەوتن و مردن لەنێو توشبواندا. بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە تووشبوون و بڵاوبونەوە و تەشەنەکردن، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ڕێکاری دەست پێکردوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان". 
ئەوەشی خستەڕوو، ڕێژە و ژمارەی توشبوان دەوەستێتە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی حاڵەتەکان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی کە بە قۆناغێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردن دادەنرێت و ڕۆژانە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت و گومانلێکراوان دەدۆزرێنەوە و نمونەی پشکنین وەردەگیرێت، دوای پشکنینی تاقیگەیی و دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕادەگەیەنرێت.

ئاشکراشیکردووە، حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی دانیشتوی شەنگال لەشاری زاخۆ بەسەرەتایی دەستنیشانکراوە و ڕەوانەی شاری دهۆک کراوە، بەهۆی بونی پێشینەی سەربڕینی ئاژەڵ و نیشانەکانی خوێنبەربون لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، تا ئێستا و تا ڕادەیەک باری تەندروستی جێگیرە و چارەسەرکردنی بەردەوامە. 

لەبارەی ئەو حاڵەتەی لە هەفتەی رابردودا لە شاری هەولێر تۆمارکرا تەندروستی هەرێم باس لەوەدەکات، ئەو نەخۆشە  دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و ڕێکاری پێویست ڕەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. 

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بێت، تا ئێستا نزیکەی (٥٠) حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێن بەربوون تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش نزیکەی پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە. 


AM:11:08:18/05/2022