ئەدهەم بارزانی نامەیەک ئاڕاستەی بلاسخارت دەکات

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی نامەیەک ئاڕاستەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات و دەڵێت" ئەو لایەنانەی ئێوە بڕیارە لەگەڵیان دانیشن، لەوانەیە ھەندێک لە ئەوانە هۆكاری نائومێدی خەڵكی هەرێمی كوردستان بن".

ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی پەیامێكی ئاڕاستەی جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و ڕایگەیاند" وەك ئاگادارن عێراق و هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، ئاڵۆزی و گرفتەكان بەجۆرێكن، تەنانەت هەڵبژاردنەكانیش ناتوانن دۆخەكە ئارام بكەنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەركی ئێوە قورسە و پێویستە لە هۆكاری نائومێدبوونی خەڵك بەرامبەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بكۆڵنەوە، ئێوە داواتان كردوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دانیشتن بكەن، بەڵام ئەوان بە هەموویانەوە لە هەڵبژاردنی پێشوو، نزیكەی لەسەدا سی جەماوەر دەنگی پێدان و بەشداری هەڵبژادنیان كرد. 

ئەدهەم بارزانی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا باس لەوەش دەکات، گرنگە ئێستا ڕوو لەو خەڵک و جەماوەرە فراوانە بێت کە نزیکەی حەفتا لە سەد بەشدارنەبونە لە ھەڵبژاردن، تا لە هۆكاری ئەم نائومێدیە بەپرۆسەی هەڵبژاردن ئاشناتان بكەن، چونكە ئاشكرایە ئەو لایەنانەی ئێوە بڕیارە لەگەڵیان دانیشن، لەوانەیە ھەندێک لە ئەوانە هۆكاری نائومێدیەكەبن، بۆیە دانیشتنەكەتان بەم شێوەیە خزمەت بەپرۆسەكە و دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا ناكات.


AM:10:42:25/05/2022