‏"حكومه‌تى عێراق و هه‌رێم کاربکەن بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ‏شنگال"

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى به‌ریتانیا كۆبوه‌وه‌‏، لە دیدارەکەدا هه‌ردولا نیگه‌رانییان له‌ دۆخى شنگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕى كه‌ بوونه‌ ‏هۆى دووباره‌ ئاواره‌بونه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئێزدى. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌یانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ مارك برایسۆن باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عیراق و ‏شاندێكى سیاسى و سه‌ربازیى یاوه‌رى كرد، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى بەریتانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسى عیراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى ‏كوردستان، شه‌ڕى دژى تیرۆر و جموجۆڵه‌كانى داعش به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى ‏ماده‌ى (١٤٠)، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و ناوچه‌كه‌، تاوتوێ كران.‏

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هه‌ردولا جه‌ختیان له گرنگی هه‌بوونى تێڕوانین و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌شى لایه‌نه ‏عیراقییه‌‌كان بۆ چاره‌سه‌رى كرده‌وه‌ و هاوڕابون له‌وه‌ى، ئه‌گه‌ر بڕیار و ئیراده‌ى ‏سیاسى هه‌بێت، ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكى كۆكه‌ره‌وه كه‌ ‏چه‌قبه‌ستویى و بنبه‌ستى سیاسى تێپه‌ڕێنێت.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" هه‌ردولا نیگه‌رانییان له‌ دۆخى شنگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕى كه‌ بونه‌ ‏هۆى دوباره‌ ئاواره‌بونه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئێزدى و جه‌ختیان له‌ گرنگیى پێكه‌وه‌كاركردنى ‏حكومه‌تى فیدڕاڵى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ‏ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌". ‏


PM:12:08:25/05/2022