راوێژكارێكی مەسرور بارزانی: حكومەتی هەرێم دەبێتە بەشێك لە چارەسەری قەیرانی وزەی جیهان


ڕاوێژكارێكی مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، حكومەتی ھەرێم دەبێتە بەشێك لە چارەسەركردنی قەیرانی وزەی جیھانی بەپێی قەبارەی خۆی، بەڵام لەسەر حسابی ھیچ وڵاتێك نابێت.

د.بێوار  خنسی، ڕاوێژكاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە "'لەو قەیرانی وزەیەی بەھۆی شەڕی ئۆكراینا و ڕووسیاوە لە جیھاندا سەریهەڵداوە، ھەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە چارەسەركردنی قەیرانەكە و بەپێی قەبارەی نەوتی خۆی، ئەگەر ئەمنیەت ھەبێت و وڵاتانیش پاڵپشت بن ھەرێمی كوردستان دەتوانێت بەرھەمی نەوتی خۆی زیاد بكات و ھاوكار بێت بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی بۆ كەمیی وزە دروستبووە، چارەسەر بكرێت و داھاتی ھەرێمی كوردستان زیاد دەبێت، بۆیە دوو سوودی ھەیە؛ ھەم بۆ ھەرێم و هەم بۆ چارەسەركردنی قەیرانی وزە لە جیهاندا.''  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوەی ھەرێمی كوردستان دەیكات لەسەر حسابی ھیچ وڵاتێك نییە و ھەریەكە و بە ڕێژەیەك بەشداری دەكات لە چارەسەركردنی قەیرانی وزە لە جیھاندا، بۆیە ھەم ھەرێم سوود لەو ھەنگاوە وەردەگرێت و ھەم وڵاتان كێشەكەیان بەرەو چارەسەركردن دەچێت.''  

خنسی وتویەتی ''نرخی نەوت بەو شێوەیە بڕوات بەردەوام لەزیاد بووندایە و زیاتریش بەرز دەبێتەوە، چونكە ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە وا دەكات بەھۆی ململانێوە نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە، بۆیە دۆخەكە بە جۆرێكی لێ كردووە كە لێدوانێكی باش چەند دۆلارێك نرخی نەوت بێنێتە خوارێ و لێدوانێكی توند چەند دۆلارێك نرخی نەوت بەرز بكاتەوە، بۆیە ھەموو پێشبینییەكان وان كە نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوەیە، نەك دابەزین.''  

  



PM:08:37:28/05/2022