ئەوقافی هەرێم بە چەند خاڵێك هۆكاری جیاوازی نرخی حەج لە هەرێم و عێراق ئاشكرا دەكات


وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، خزمەتگوزاری و نرخەكانی حەجی ئەمساڵ لەوانەی بەغدا باشتر و هەرزانترە، بۆیە نرخەكانیش كەمێك گرانترن. 

بۆ حەجی ئەمساڵ وەزارەتی ئەوقافی عێراق بڕی 4 هەزار و 200 دۆلار لە حاجییان وەردەگرێت، بەڵام لە هەرێم 4 هەزار و 700 دۆلاریان لێوەردەگیرێت، ئەمەش لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی لێكەوتەوە.

لەو بارەیەوە زەینەدین مەولود سورچی، بریكاری وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئاینی و سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاریەكانی پرۆسەی حەج بە چەند خاڵێك ڕوونكردنەوەی لەو بارەیەوە داوە.

یەكەم: شوێنی مانەوەی حاجیان (زۆر نزیكتر) لەشوێنی حاجیانی عێراق دابینكراوە بەشێوەیەك نزیك حەرەمی پیرۆزەو پاك وخاوێن و بەكوالێتیەكی باش، حاجیان بەئاسانی دەتوانن ھاتوچۆ بكەن ئەمەش نرخی لەگەڵ شوێنێكی دوورە دەستی بێ كوالێتی دەگۆرێ و جیاوازە.  

دووەم: نرخی پلیتی فرۆكەی گواستنەوەی ھەر حاجیەكی ھەرێمی كوردستان لەفرۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی بڕی (١٠٠)دۆلار لەفرۆكەخانەكانی عێراق گرانترە.  

  
سێیەم: توانیومانە لەئەمساڵدا سێ ژەم خواردنی شایستەو گونجاو بۆ حاجیانی كوردستان (بە مینۆی دەوڵەمەندو ھەمەجۆر) دابین بكەین لەكاتێكدا لەعێراق تەنیا دوو ژەم خواردن دابینكراوە.  

  
چوارەم: سەبارەت بەچارەسەری پزیشكی حاجیان لێژنەكەمان توانی بۆ یەكەمجار گرێبەست لەگەڵ باشترین كۆمپانیای دابینكردنی دەرمانی كوالێتی بەرزی سعودیە دابین بكات جیاواز لەساڵانی ڕابردوو.  

پێنجەم: لەو بڕەی پارەیەی كە دەكاتە (٤٧٠٠) دۆلاری حاجیانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بری (٣٣٩٧) دۆلار دەچێتە سەرحسابی دەستەی باڵای حەجی عێراق لەبەرامبەر ھۆتێل و مانەوەی حاجیان لەمەدینەی پیرۆز گواستنەوەو تێچووی( المگوفین ی سعودیه)، واتە لەوبڕە تەنیا( ١٣٠٠) دۆلار كەدەكاتە تەنیا (سێزدە)وەرەقەی ئەمەریكی، بۆئەم ھەموو خزمەتگوزاریانە لەبەر دەستی لێژنەكەدایە لەمەككەی پیرۆز كەبریتیە لە ھۆتێل و تەندروستی و ھاتوچۆ دابینكردنی خواردن.  

 شەشەم: دەستەی باڵای حەجی عێراق وێرای پارەی حاجیانی خۆیان ھاوكاری (نفقات الحاكمە) یان ھەیە و بودجەی تایبەتیان بۆ دابین دەكرێ، ھەروەھا دەستەی حەجی عێراق وەبەرھێنان لەپرۆسەی عومڕەدا دەكەن، لەكاتێكدا ھەرێمی كوردستان لەم بودجەو ھاوكارییە بێ بەشكراوە.  

حەوتەم: لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی كوردستان زانیاریان هەیە لەسەر پڕۆسەی حەج لە ساڵانی ڕابردوو كە خەرجی دووری و نزیكی ھۆتێل لەمەككەی پیرۆز چەندە جیاوازی هەیە بۆ مانەوەی حاجیان.  

هەشتەم: لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی كوردستان و ھەر لایەنێك هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن ناوەڕۆكی گرێبەستەكانی تایبەت بە بواری حەج لە بەڕێوەبەایەتی گشتی حەج و عومڕە ببین كە واژۆكراون.  

نۆیەم: بۆ خزمەتكردنی حاجیانی هەرێمی كوردستان ، بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەین ئەم پرۆسە ئایینیە پیرۆزە تێكەڵ بە ململانێی سیاسی و مزایەدەی سیاسی نەكرێت.  






PM:08:35:31/05/2022