وادەی یەكەم گەشتی هاوڵاتیان بۆ حەجكردن بۆ وڵاتی سعودیە راگەیەنرا


دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق رایدەگەیەنێت "ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە یەكەم گەشتی سەردانیكردنی هاوڵاتییانە بۆ وڵاتی سعودیە بەمەبەستی جەحكردن بەڕێگەی ئاسمانی و تاوەكو هەفتەیەكیش سەرجەم حاجیان دەگوازرێنەوە".

دەستەی باڵای حەج و عەمرە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 14ی ئەم مانگە یەكەم گەشتی زیارەتكارانی عێراق بۆ سعودیە دەست پێدەكات، ئەویش لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بۆ فڕۆكەخانەی شازادە محەمەد بن عەبدولعەزیز لە مەدینە دەبێت، دەستەش  هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە تەواو كردوە.

دەستەی حەج روونیكردۆتەوە "ئەو هاوڵاتییانە لەڕێگەی پێنج فڕۆكەخانەی عێراقەوە گەشتەكانیان بۆ سعودیە ئەنجام دەدەن ئەوانیش (بەغدا، نەجەف، بەسرە، هەولێر، سلێمانی)، رۆژانەش 3-5 گەشت ئەنجام دەدرێت،  پێشبینیشدەكرێت پرۆسەی سەردانیكردنی زیارەتكاران لە رێگەی ئاسمانییەوە لەماوەی هەفتەیەكدا تەواو بێت". 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە رۆژی 18ی مانگیش یەكەم قۆناغی گەشتكردنی هاوڵاتیان لەڕێگەی وشكانیەوە و لە ڕێگەی بەندەری سنوری عەرعەرەوە ئەنجام دەدرێت و ئەو پرۆسەیەش لەماوەی 6 رۆژدا كۆتایی دێت.



PM:08:58:11/06/2022